هەرئێستا

مامۆستایان هەڕەشەی هەڵوێست دەکەن
وەزارەتی دارایی خشتەی نوێی مووچەی بڵاوکردەوە پەروەردە و خوێندنی باڵای تێدانییە

- 7/3/2018 3:45:00 PM 146807 جار خوێندراوەتەوە


خەندان- خۆزگە عەزیز

وەزارەتی دارایی خشتەی مووچەی مانگی چواری بڵاوکردەوەو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵای تێدانییە، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانیش رایدەگەیەنێت، ئەگەر مامۆستایان بهێڵن ئەمە تێبپەرێت بەسەریاندا و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەورە ئەنجام نەدەن، شایەنی ئەوەن لەوە زیاتریان پێبکرێت. 

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان رادەگەیەنێت، ئەوە شەڕی دەرونییە حکومەت لەگەڵ مامۆستایان دەیکات و تاقیکردنەوەکان تەواوبووە و  حەز دەکەن مامۆستایان بێنەوە سەرجادە و سوکایەتی بە مامۆستایان بکەن.

بەپێی ئەو خشتەیەی بێت مووچەی مامۆستایان لە ٥٠ رۆژ نزیک دەبێتەوە.

دەشڵێت، ئەگەر بڵێن وەزارەتی پەروەردە پارەی زۆر دەوێت وا نیە، چونکە چەند شوێنێکی تر هاتووەتە پێشەوە بۆ دابەشکردنی مووچە  کە ٢٠ رۆژنابێت مووچەیان وەرگرتووە.

"بە راگەیەندنی مووچە بەم جۆرە دەیانەوێت تۆڵە لە مامۆستایان بکەنەوە، بەتایبەت ئەو مامۆستایانەی کە هەڵوێستیان هەبووە، لە ئێستاشدا ئیشیان بە مامۆستا نەماوە، دەوامی خوێندن نەماوە و تا کاتی دەستپێکردنەوەی خوێندن دەیانەوێت چەند بتوانن سوکایەتی بە مامۆستایان بکەن". عەتا ئەحمەد وای وت.

هاوکات سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی بە خەندان-ی راگەیاند، لەبەرئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە هاتووەتە پێشەوە، بۆیە مووچەی وەزارەتی پەروەردە رانەگەیەنراوە، چونکە بڕە پارەیەکی زۆری دەوێت، زۆریش هەوڵدرا بۆ دابەشکردنی مووچەی پەروەردە، بەڵام لەبەرئەوەی پارەکە دیاریکرابوو، بەشی نەکرد.

رۆژی ٢ی حوزەیران وەزارەتی دارایی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە مەودوا یەکەم وەزارەت پێشمەرگە مووچە وەردەگرێت و سیستەمی دابەشکردنی مووچە هاوشێوەی مانگەکانی تر دەبێت واتا پەروەردەو تەندروستی دووەم و سێیەم وەزارەت دەبن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP