ده‌سه‌ڵات له‌نێوان سلێمانى و هه‌ولێردا دابه‌شده‌كرێت
به‌كر سدیق، پرۆژه‌یه‌كى جیاواز بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان ده‌خاته‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌كان

- 7/2/2018 6:52:00 PM 11719 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ندان-

به‌كر سدیق، توێژه‌ر و مامۆستاى زانكۆ، پڕۆژه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌رى قه‌یرانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ده‌خاته‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، و چه‌ند چاره‌سه‌رێكى خستووه‌ته‌ڕوو و به‌پێى ناوه‌ڕۆكى پڕۆژه‌كه‌ كه‌ به‌شێكه‌ له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كى ئه‌كادیمى، ده‌زگا گرنگه‌كانى به‌ڕێوه‌بردن له‌ هه‌رێم به‌سه‌ر سلێمانى و هه‌ولێردا دابه‌ش ده‌بن.

له‌ پرۆژه‌كه‌دا كه‌ له‌ به‌شى بیروڕاى خه‌ندان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، توێژه‌ر چه‌ند سیناریۆیه‌كى بۆ وه‌رچه‌رخانى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان، خستووه‌ته‌ڕوو، و ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، بەم ئامرازە یاسایی و دادوەرییانەی خوارەوە دەتوانرێت دوور لە توندوتیژی و بە رێگەیەكی لەسەرخۆ ئەم دابەشبوونە جوگرافیە كاڵ بكەینەوە.

وه‌ك له‌ پڕۆژه‌كه‌دا هاتووه‌، ئامرازی یەكەم، شیتەڵكردنی سێ دەسەڵاتەكه‌یه‌ بەسەر خۆیاندا و ئامرازی دووەم، شیتەڵكردنی دەسەڵاتەكانه‌ بەسەر زۆنەكاندا.

سه‌باره‌ت به‌ شیتەڵكردنی دەسەڵاتەكان بەسەر خۆیاندا، روونیكردووه‌ته‌وه‌، ئاراستەی نوێی شارەزایانی بواری یاسایی و دەستووری و یاسای كارگێری، وا دەبینن كە نوێترین ئامراز لە پرنسیپی لێك جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكاندا كە ئامانج لێی پاراستنی هاوسەنگی و چاودێری ئاڵوگۆڕە لەنێوان دەسەڵاتە سەرەكیەكەی دەوڵەتداریدا، بریتیە لە شیتەڵكردنی هەریەك لە دەسەڵاتەكان بەسەر خۆیاندا تا لە ناو خۆشیاندا چاودێری بەسەر خۆیانەوە بكەن بەم شێوەیەی خوارەوه‌.

به‌ بڕواى به‌كر سدیق، لە هەرێمی كوردستاندا، پێویستیمان بەوە هەیە لە جیاتی سیستمی پەرلەمانی سیتمێكی تێكەڵ، دابمەزرێنین، كە راستەوخۆ سەرۆكی هەرێم یان سەرۆكی دەوڵەت ئەگەر سەربەخۆییمان بەدەست هێنا لە دواڕۆژدا- لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێ، بەڵام بەو مەرجەی سەرۆك دەسەڵاتەكانی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران دابەش بكات بە جۆرێك كە كارە حكومییەكان لە نێوان سەرۆكی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیراندا دابەشبكرێن.

سه‌باره‌ت به‌ پێكهاته‌ى ئەنجومەنی وەزیران، به‌ پێویستى زانیوه‌ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەرووی پێكهێنانیەوە وەك ئێستا لە پەرلەمانەوە متمانەی پێبدرێ بەم جۆرە:

1-لیستی زۆرینەی دوای هەڵبژاردنەكان مافی پێكهێنانی كابینەی هەبێ لە ماوەی مانگێكدا و بۆ جاری دووەم 15 رۆژ و ئەگەر نەتوانرا پێكبهێنرێت ئەوا ئەركی پێكهێنانی كابینە بە لیستی دووەم بسپێردرێ و لە ئەگەری فەشەلی ئەو كارەش لە ماوەی دوو مانگدا ئەوا هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە.

2- كارە حكومییەكان و دروستكردنی هاوپەیمانێتی و جوڵانی هێز، هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس لە ژێر فه‌رمان و دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیراندا بێت لە ژێر چاودێری پەرلەمان كە ناكۆك نەبێ لەگەڵ ئەو خاڵانەی سەرەوە كە باس لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەكەن.

3- دامەزراندنی پلە تایبەتەكان لەسەر پێشنیاری حكومەت بێت بەڵام دەسەڵاتی پەسەندكردنی لە دەسەڵاتی پەرلەمان بێت .

دەسەڵاتی یاسادانان، له‌ پڕۆژه‌كه‌دا، دابەشده‌كرێت بۆ دوو ئەنجومەن، ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران، یه‌كه‌میان هاوشێوەی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان بێت و سەرلەنوێ دەسەڵاتە چاودێرییەكانی رێكبخرێنەوە، بەجۆرێك كە چاودێر بێت بەسەر كاروبارەكانی حكومەتەوەو مافی سەندنەوەی متمانەی لە حكومەت بۆ بگێڕدرێتەوە.

ئەنجومەنی پیرانیش، پێكبێت لە نوێنەری پارێزگاكانی هەرێم و بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكان و رێژەی ئەندامەكانی بریتیبێت لە نیوەی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و بڕیاری كۆتایی لە هەموو یاساكانی ئەنجومەنی نوێنەران و بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێم و بڕیارە حكومییەكانی ئەنجومەنی وەزیران بدات.

توێژه‌ر، له‌ پڕۆژه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به‌ رێكخستنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، ئه‌وه‌ى باس كردووه‌، سەرلەنوێ یاسای ئەنجومەنی دادوەری رێكبخرێتەوە بە جۆرێك كە بنه‌ماى سه‌ربه‌خۆیى ته‌واوه‌تى له‌ یاساكه‌دا بۆ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى فه‌راهه‌م بكرێت.

هه‌روه‌ها دامەزراندنی سەرۆك و ئەندامانی دادگا باڵاكانی وەك دادگای تەمیز و دادگای كارگێڕی و دادگای دەستوری ئەو دەستە سەربەخۆیانەش كە دەكرێنە دادگا لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پیران بێت بەو مەرجانەی كە لە یاساكەدا رێكدەخرێن.

دادگاى باڵا پێكهاته‌یه‌كى گرنگى پرۆژه‌كه‌یه‌ و ده‌بێت، دادگای دەستوری دابمەزرێ و دەسەڵاتەكانی بە یاسا رێكبخرێن كە چاودێری دەستوریبوونی یاساكان و كارو هەڵوێستەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و كارە حكومییەكانی حكومەت دەكات.

هه‌روه‌ها دادگای تەمیز سەرلەنوێ دەسەڵاتەكانی رێك بخرێنەوە كە پسپۆر دەبێ تەنها بە جێبەجێكردن و چاودێری كردنی یاسای تاكەكان و یاسای تایبەت و پەیوەست نابێ بە چاودێری كارو باری حكومەتەوە.

به‌كر سدیق، به‌ گرنگى زانیوه‌، ئەنجومەنی شورای هەرێم یاساكەی رێكبخرێتەوە، بە شێوەیەك كە لەگەڵ پێشكەوتنەكانی یاسای ئەنجومەنەكانی هاوشێوەی خۆی لە عێراق و فەرەنسا و میسردا بگونجێ .

هه‌روه‌ها دادگاكانی وەك دادگای دەستپاكی و دادگای چاودێری دارایی دابمەزرێن كە لە رێگەی وەرچەرخانی دەستەی دەستپاكی هەرێم و دەستەی چاودێری دارایی، دروست دەبن و ئەركەكەشیان چاودێریكردنی كاروبارە داراییەكانی دەسەڵاتە باڵاكان و ئاشكراكردن و سزادانی تاوانبارە داراییەكان دەبن.

هاوكات دادگای باڵای هەڵبژاردنەكان، پێكهاته‌یه‌كى گرنگى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ده‌بێت و  ئەم دادگایە سەر بە دادگای دەستوری دەبێت و چاودێری هەموو قۆناغەكانی هەڵبژاردنەكان دەكات.

ئامرازی دووەم، كه‌ توێژه‌ر باسیكردووه‌، شیتەڵكردنی دەسەڵاتەكانه‌ بەسەر زۆنەكاندا،  و پێشنیاریكردووه‌، دەسەڵاتی یاسادانان دابەشبكرێت بەسەر سلێمانی و هەولێردا بە جۆرێك كە ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران لە هەولێر بێت، دەبێ ئەنجومەنی پیران لە سلێمانی بێت.
 
دەسەڵاتی جێبەجێكردنیش، به‌ جۆرێك بێت، ئەگەر سەرۆكایەتی هەرێم لە هەولێر بێت دەبێ ئەنجومەنی وەزیران لە سلێمانی بێت، ئەگەر وەزارەتی پێشمەرگە لە هەولێربێت دەبێت وەزارەتی ناوخۆ لە سلێمانی بێت، ئەگەر وەزارەتی دارایی لە هەولێر بێت دەبێت وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لە سلێمانی بێت.

سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، ئه‌وه‌ى خستووه‌ته‌ڕوو، ئەگەر دادگای تەمیز لە هەولێر بێت، دەبێت ئەنجومەنی شورا لە سلێمانی بێت، ئەگەر دادگای دەستوری لە هەولێر بێت، دەبێت دادگای هەڵبژاردنەكان لە سلێمانی بێت، ئەگەر دادگای دەستپاكی لە هەولێر بێت دەبێت داگای چاودێری لە سلێمانی بێت.

به‌كر سدیق، پێیوایه‌، بە جێبەجێكردنی ئەم ئامرازە دەتوانرێت بە یەكجاری بیركردنەوە لە دوو ئیدارەیی كۆتایی پێبهێندرێت، چونكە لە سێبەری ئەم دابەشبوونە جوگرافیەدا باسكردن و پەیڕەوكردنی سیستمی لامەركەزی كە لە بنەچەدا هاجسی نەهجێكە كە دەیەوێت دوو ئیدارەیی لە هەرێمدا قووڵ بێتەوە وەك دەرچەیەك بۆ گێڕانەوەی باڵانسی هێز. 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP