فێنك داوا ده‌كات ئاوڕ له‌ سه‌یدسادق بدرێته‌وه‌
سێیه‌مى سه‌ر ئاستى هه‌رێم، چیرۆكى سه‌ركه‌وتنى بۆ خه‌ندان باس ده‌كات

- 7/1/2018 9:42:00 PM 49789 جار خوێندراوەتەوە
فێنك له‌گه‌ڵ دایك و باوكى

خه‌ندان-

فێنک مەریوان، خوێندکاری ده‌رچووى قۆناغى ١٢ی زانستیی لەسەر ئاستی هەرێم کە پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە دەڵێت، لە قۆناغی نۆشدا سێیەم بووه‌ لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی و چیرۆکی سەرکەوتنی خۆی بۆ خەندان باس ده‌كات.

فێنک، لە قۆناغه‌کانی دیكه‌ى خوێندنیشدا نمرەی بەرزی هەبووەو بە تێکڕایی نمرەکانی لە نێوان ٩٧ بۆ ٩٨نمرە بووەو لە قۆناغى نۆشدا سێیەم بووه‌ لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی و ئەمساڵیش بە بەدەستهێنانی نمرەی ٩٨،٥٧ پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە لەسەر ئاستی هەرێم.

ئه‌و ده‌رچووه‌، بۆ خه‌ندان باسیله‌وه‌كرد،"من بەپێی كاتی دیاریکراو سەعیم نەکردووەو بەڵکو رۆژانە پلانێی نوێم بۆ وانە خوێندن دادەنا، من لەگەڵ برایەکی ترم پێکەوە لە قۆناغى١٢ بووین لە کۆتایی ساڵدا بەیەکەوە کۆششمان دەکرد، بەڵام ئەو نمرەی کەمی هێناوە بۆیە ئەو بۆ ئەمساڵ دادەنیشێتەوە".

فێنک، لە خوێندنگای حکومی کوردستانی نوێ خوێندکار بووەو وەک خۆی دەڵێت، سەرەڕای بایکۆتکردنی خوێندن بۆ چەند مانگێک لە خوێندنگاکەیان و ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری هەبووە لەوەی کە خوێندنی ئەمساڵ هەژمار بکرێت، بەڵام ئەو لە سەدا ١٥ بۆ لەسەدا ٢٥ وانەکانی لەماڵەوە خوێندووەو توانیویەتی ئەو نمرە بەرزەش بەدەستبهێنێت.

فێنک، باوکى پێشمەرگەیە و دایکیشى ژنی ماڵەوەیەو باریی دارایی خێزانەکەشیان مامناوەندە و باسیله‌وه‌كرد، جگە لە چەند خولێکی هاوینەو لەکاتی خوێندنیشدا لەگەڵ دەوامی خوێندنگا بەشداری چەند دەورەیەکی کردووە.

ئه‌و خوێندكاره‌ سه‌ركه‌وتووه‌، داوا لە وەزارەتى پەروەردەو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات،  کە گرنگی زیاتر بە شارەکەیان(سه‌یدسادق) بدرێت بەتایبەت لە رووی کەرتی پەروەردەوە چونکە وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، شارەکەیان خوێندکاری زۆر بەتواناو زیرەکی تێدایە ئەگەر گرنگیان پێبدرێت.

فێنك، ئارەزوو دەکات لە زانکۆی سلێمانی بخوێنێت، چونکە لە ماڵەوەیان نزیکە لە داهاتووشدا دەیەوێت لە بەشی پزیشکی یان ئەندازیاری بیناسازی بخوێنێت.

فێنک مەریوانی تەمەن ١٩ ساڵ له‌ وه‌رزى خوێندنى ٢٠١٧بۆ ٢٠١٨ توانی پلەی سێیه‌م بەدەستبهێنێت لەسەر  ئاستی هەرێم و دانیشتووی قەزای سەیدسادق-ی سەر بە پارێزگای سلێمانییە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP