ململانێی ئێران و سعودیە لەسەر زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوتی ئۆپیک قووڵتردەبێتەوە

- 6/28/2018 5:02:00 PM 4638 جار خوێندراوەتەوە


خەندان- دانا تەیب مەنمی 

ئێران ڕەخنە لە پلانەکانی سعودیە دەگرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی خاوی ڕێکخراوی ئۆپیک بەھۆی فشارەکانی ئەمریکاوە، و جەختدەکاتەوە ھەنگاوێکی لەوجۆرە بچووککردنەوەی ڕێکخراوەکەیە.

لەوبارەوە حوسێن کازمیپور ئاردەبیلی، پارێزگاری  ئێران لە ڕێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) بە ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز-ی ڕاگەیاندووە کە ملدانی سعودیە بۆ فشارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ زیادکردنی بەرھەمی نەوتی خاوی ئۆپیک پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ھەفتەی ڕابردووی ڕێکخراوەکەیە و "بچووککردنەوەی ڕێکخراوەکەیە". 

رۆژی شەممەی ڕابردوو ئەندامانی ئۆپیک و وڵاتانی بەرھەمھێنی دەرەوەی ئۆپیک ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ پابەندبوونی تەواو بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی پێشوو، بۆ کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت. 

وتەکانی کازمیپور وەڵامدانەوەیەکە بۆ چەند ڕاپۆرتێکی رۆژنامەوانی لە رۆژانی دووشەممە و سێشەمەدا بەوەی سعودیە لەمانگی داھاتوودا بەرھەمھێنانی خۆی بۆ ١٠.٦ ملیۆن بەرمیل نەوت  ھەتا ١١ ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا زیاددەکات، ئەوەش لەکاتێکدایە بەپێی ڕێککەوتنی ئۆپیک بۆ سنوردارکردنی بەرھەمھێنان، ریاز بۆی ھەیە ١٠.٠٥٨ ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا بەرھەمبھێنێت.

رۆژی دووشەممەی ڕابردوو ریک پێری، وەزیری ووزەی ئەمریکا ڕایگەیاند ڕەنگە رێککەوتنەکەی ئۆپیک بەس نەبێت بۆ بوژاندنەوەی بازاڕی نەوت. 

پێشتر خالید ئەلفالیح، وەزیری نەوتی سعودیە، ڕایگەیاندبوو ڕێککەوتنەکەی ئۆپیک ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بەوەی ئەو ئەندامانەی ئۆپیک کە ناتوانن بەرھەمی خۆیامن  زیاتر بکەن، ئەندامانی دیکەی وەکو سعودیە بتوانن قەرەبووی ئەوە کورتھێنانە بکەنەوە.

بەڵام کازمیپورجەختیکردووەتەوە " لە دوا کۆبونەوەی ئۆپیکدا بڕیارمان وابوو کە ھیچ ئەندامێک زیاد لە پشکی خۆی بەرھەمنەھێنێت، بەڵام ھەوڵبدرێت لەسەدا سەد پابەندبین بە ئاستی بەرھەمھێنانەوە." 

ئاشکراشیکردووە " ھیچ پێویست ناکات رێککەوتنەکەمان بشکێنین، ئەگەر ئەوان رێککەوتنەکە بشکێنن، ئەوا مانای وایە وەزارەتی  دەرەوەی ئەمریکا ئۆپیک بەڕێوەدەبات." 

رێکخراوی ئۆپیک ڕێکخراوێکی نێونەتەوەییی نەوتییە لە ١٩٦٠دا لەلایەن وڵاتانی ئێران، ڤێنێزوێلا، عێراق، عەرەبستان و کووەیت، بە ئامانجی سنووردارکردنی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت و یارمەتیدان بە گرانترکردنی، لە بەغدا دامەزرا.

لەساڵی ٢٠١٧-ەوە ڕێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکەری نەوت (ئۆپێک) بەسەرکردایەتی سعودیەو ھەندێک وڵاتی دیکەی بەرھەمھێنەری نەوتی دەرەوەی ئۆپێک لەناویاندا ڕوسیا، دەستیانکردووە بەجێبەجێکردنی ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت بە نزیکەی ١.٨ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، بەئامانجی سنوردانان بۆ کەڵەکەبوونی نەوتی خاو  لەبازاڕەکانی جیھاندا و بەرزکردنەوەی نرخەکەی. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەمدواییانە داوایکردبوو کڕیارانی نەوت لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە نەوتی خاوی ئێران نەکڕن و بەوھۆیەوە دوێنێ  نرخەکانی نەوتی خاو بەڕێژەی لەسەدا سێ بەرزبووەوە بۆسەرووی ٧٧ دۆلار. 

   ترەمپ لەدوای کۆبونەوەکەی ئۆپیک و ڕاگەیاندنی بڕیارەکەیان لە تویتێکدا ڕایگەیاند " ھیوادارم ئۆپیک بەشێوەیەکی بەرچاو بەرھەمھێنانی خۆی زیادبکات. پێویستە نرخەکان دابەزێنین!"

ھەریەک لە ئەمریکا و چین و ھیندستان ھانی بەرھەمھێنەرانیاندا نەوتی خاوی زیاتر بخەنەڕوو، ئەوەش بۆ ڕێگری کردن لە کەمبوونەوەی نەوتی خاو گەشەپێدانی ئابووری جیھانی.




Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP