كەجەكە: پڕوپاگەندەی ئەردۆغان لەبارەی بۆردومانكردنی كۆبوونەوەیەكمان راست نییە

- 6/23/2018 9:02:00 AM 4992 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هاوسەرۆكایەتی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە رایگەیاند، ئەردۆغان لە ئیدعایەكیدا وتبوی ئەوان كۆبوونەوەی كادرە پێشەنگەكانی پەكەكەیان بۆردومانكردووە، بەڵام "ئەو ئیدعایە درۆیە و ئەو درۆیەش لە كۆشكەوە ئامادەكراوە و دوایین هەوڵیانە بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن".

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا ماوەی چەند رۆژێكە لە كۆبوونەوە جەماوەرییەكانیدا رایدەگەیەنێت، بەڕێوەبەرانی پەكەكەیان لە كۆبوونەوەیەكەدا بۆردومان كردووە و "35 بەڕێوەبەر ژیانیان لە دەستداوە".

هاوسەرۆكایەتیی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەوبارەیەوە راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، "ئەو پڕوپاگەندەی ئەردۆغان لەبارەی بۆردومانكردنی كۆبوونەوەیەكمان راست نییەو درۆیە".

كەجەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، "ئەردۆغان ماوەی چەند رۆژێكە بۆ سەركەوتن لە هەڵبژاردندا دەستیكردووە بە درۆی گەورە گەورە، میدیاكانی سەر بە ئەردۆغانیش ئەو درۆیە یەك لە سەر یەك بڵاودەكەنەوە".

هاوسەرۆكایەتی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە هەروەها دەڵێت، "ئەوە دوایین هەنگاوی ئەردۆغانە و ئەوەش لە دوای ئەوە دێت، كە تێگەیشتووە لە هەڵبژاردندا تێكدەشكێت، دەیەوێت لە رێگەی ئەو درۆیەوە، دەنگی هەندێك شۆڤێنیست و دوژمنی كورد بەدەست بهێنێت، ئەو درۆ بێ بنەمایە لە كۆشكەوە ئامادە كراوە، ئەوەش دەزانێت ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت لە دژی ئەو درۆیە قسە بكات و ئەگەر ئۆپۆزسیۆن ڕووبەڕووی بێتەوە، پێی دەڵێت ئێوە لایەنگری تیرۆرن و لەو رێگەیەوە بێدەنگیان دەكات".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP