ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدات

- 6/13/2018 8:15:00 PM 4229 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بڕیارە، ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوتوێی دۆخی غەزە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات.

لە کۆبوونەوەکەدا، دەنگدان لە سەر پرۆژە بڕیارێک دەدرێت لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەکە و کە ولاتانی عەرەبی پشتگیری پرۆژەکە دەکەن، دژی بەکار‌هێنای هێز لەلایەن ئیسرائیلەوە.

ئەو پرۆژە بڕیارە، هاوشێوەی پرۆژە بڕیارەکەی رێکەوتی ٢ی ئەم مانگەیە کە لە لایەن قەتەرەوە ئامادەکرابوو، بەڵام لەلایەن ئەمەریکاوە ڤیتۆکرا.

نیکی هایلی باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی پرۆژە بڕیارەکەی ئەوکاتی کرد ، بەوپێیەی باسی حەماسی تیادا نەکراوە.

وەزیری دەرەوەی فەڵەستین هێرشی توندی کردە سەر بڕیاری ڤیتۆی ئەمەریکا بۆ سەر رەشنوسی  پرۆژە بڕیاری "پاراستنی گیانی فەڵەستینییەکان" بە "هەڵەیەکی ئەخلاقی گەورە" ناوی برد.

بەر لە دەستپێکردنی دەنگدان بۆ رەشنوسەکە، نیکی هایلی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی گروپی حەماسی کرد لە "دروستکردنی کێشە لە غەزە"، وتی " لە رەشنوسەکەدا  هیچ ئاماژەیەک بە حەماس نەدراوە، هەرکەسێک گرنگی بە پرسی ئاشتی دەدات نابێت دەنگ بە رەشنوسەکە بدات".

هایلی ئاماژەشی بەوەدا، رەشنوسی پرۆژە بڕیارێکی دیکە ئامادە دەکەن، "بەڵام هەر کەسێک دەنگ بەو پرۆژە یاسایەی کوەیت بدات، ئەوا پێی وایە هەموو هەڵەکان بۆ ئیسرائیل دەگەڕێتەوە" هایلی وای وت.

باڵیۆزی کوەیت لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەو رەشنوسە لەلایەن هەموو وڵاتانی عەرەبییەوە ئامادە کراوە و"ئەمەریکا پارێزگاری دەکات لە داگیرکاری".

لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە، خۆپیشاندانی بەرفراوانی فەڵەستینییەکان دەستی پێکردووەتەوە، بەهۆی توندوتیژی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دژی خۆپیشاندەرەکان نزیکی ١٣٠ فەڵەستینی و لە ناوشیاندا چەکدارنی حەماس کوژراوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP