ناوه‌رۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌
سلێمانى؛ د. به‌رهه‌م و یان كۆبیش له‌ باره‌گاى هاوپه‌یمانى كۆبوونه‌وه‌

- 6/13/2018 5:37:00 PM 12821 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

د بەرهەم، سەرۆکی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری، پێشوازی کرد لە یان کۆبیش، نێردەی سكرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆهاریكارى عێراق،(یونامى) و ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنەکان تاووتوێ كرا.

لە دیدارەكەدا، دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكانی عێراق و بارودۆخی سیاسیی و ئاکامەکانی هەڵبژاردن تاووتوێ كرا و بیروڕا لەبارەی پێشهاتەكان و بەرنامەکانی پێداچوونەوەی و وردبینی ئەنجامی هەڵبژاردن ئاڵوگۆڕکرا.

کۆبیش، لەبارەی بۆچوونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق دوای هەڵبژاردن، روانگەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیشی لەبارەی نیگەرانییەكان لەسەر ئایندەی عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردن شیكردەوە.

د. بەرهەم، ته‌ئکیدی لەسەر پەیڕەوکردنی ڕێکارە سیاسی و یاساییەکان بۆ چارەسەرکردنی پێشێلکاری و ساختەکارییەکانی هەڵبژاردنی ۱۲ى ئایار و پاراستنی دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک، و بە تایبەتیش پێویستی هەژمارکردن و ڕێزگرتن لە دەنگی ڕاستەقینەی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ لە هەرێم، و کە ئەمانە مەرجی گرنگی پرۆسەی دیموکراسی و شەرعییەتە. 

هەروەها، جەختیکردەوە له‌سەر ڕۆڵی گرنگی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ چارەسەری کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و بە تایبەتیش ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان.

لاى خۆیه‌وه‌، کۆبیش ئەوەی خستەڕوو، كە رێكخراوی نەتەوەی یەكگرتووەكان ئامادەیی نوێی هەیە بۆ یارمەتیدانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەروەها چارەسەركردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، و بەتایبەتیش چارەسەرکردنی بارودۆخی ناوچەكانی ماددەی ١٤٠.

 

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP