توركیا: لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سەر قەندیلەوە لەگەڵ ئێران لە پەیوەندیداین

- 6/13/2018 1:34:00 PM 6693 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- هاوكار یونس

وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، حكومەتی توركیا لەگەڵ ئێراندا لە پەیوەندیدایە بۆ تاوتوێكردنی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی چاوەڕوانكراو دژی پەكەكە لە ناوچەی قەندیل لە هەرێمی كوردستان لە نزیك سنوری ئێران.

مەولود چاوشئۆغڵۆ لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی خەبەرتورك وتی، "ئێمە لەپەیوەندیداین لەگەڵ ئێران بۆ تاوتوێكردنی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی چاوەڕوانكراو دژی پەكەكە، پەكەكە هەڕەشەیە بۆسەر ئەوانیش، قەندیل زۆر نزیكە لە سنوری ئێران، ئێمە هاوكاریمان لەگەڵ ئێران باش دەكەین".

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان زیادیكردووە، لە ئێستادا زیاتر لە 30 كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی هەرێمەوە، 31ی مانگی رابردووش سوپای توركیا  بە چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی جۆراوجۆر چووە ناو گوندی بەرمیزە لە سنوری برادۆست-ی سەر بە قەزای سۆران، لە مزگەوتی گوندەكەش لەگەڵ خەڵكی گوندەكە كۆبوونەتەوە.

9ی ئەم مانگەش موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە رایگەیاندبوو، ئەگەر توركیا هێرش بكات سەر قەندیل ئەوا ئەنقەرە باجی گەورە دەدات و بەرەی شەڕ فراوان دەبێت.

قەرەیلان، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ستێرك تیڤی وتبووی، شەڕەكەی توركیا تەنها لە قەندیل نامێنێتەوە بەڵكو بە درێژایی سنوری باشور لەگەڵ باكور و تا سنوری زاخۆ بڵاودەبێتەوە.

ئەو لێدوانی قەرەیڵان دوای ئەوە هات بیناڵی یەڵدرم، سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاندبوو، "ئێمە بوونی سەربازیمان لە باكوری عێراق بۆ دوو هێندە زیادكردووە، ئێمە 11 بنكەی سەربازیمان لەوێ هەیە، ئامانجی ئێمە ئەوەیە كە تیرۆر لەناوببەین بەرلەوەی تیرۆرستان بتوانن دزە بكەنە ناوسنورەكانمانەوە".

دوای دوو ساڵ لە ئاگربەستی نێوان توركیا و PKK ، هاوینی 2015 شەڕ دەستیپێكردەوەو فڕۆكە جەنگییەكانی‌ توركیا دەستیانكردەوە بە بۆردومانی‌ ئاسمانی‌ بنكەو بارەگاكانی‌ پەكەكە، بوونی بارەگاكانی توركیاش لە هەرێم بەو بیانووەوەیە.

هاوكات مستەفا قەرەسوو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی كەجەكە لە وەڵامی دەنگی هێرشكردنەسەر قەندیل لەمیانی وتارێكیدا لە رۆژنامەی یەنی ئۆزگیور پۆلیتیكا نوسیووبوی، "ئەگەر دەسەڵاتی ئاكەپە و مەهەپە لە توانایدا بێت، ئەوە بۆ ساتێكیش راناوەستن و خێرا ڕوو لە قەندیل دەكەن، ئەگەر تاوەكو ئێستا ئەوەیان نەكردووە هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پێیان ناكرێت و لە توانایاندا نییە".

قەرەسوو هەروەها رایگەیاندووە، "قەندیل لە شوێنی خۆیەتی، كێ دەیەوێت دڵنیا بێتەوە، ئەوا با دەست لە پڕوپاگەندەی دەروونی هەڵگرێت و كڵاوە سوور و شین و رەشەكانیان بكەنە سەریان و بە سرودی مەهتەر - mehter' (سرود و مۆسیقای سوپای عوسمانییەكان) بەرەو قەندیل بكەونەڕێ".

قەرەسوو بەڵام دەشڵێت، "ئێمە نازانین ئەوانەی بە سرودی مەهتەرەوە دێن، بە چ سرودێكی ترەوە دەگەڕێنەوە، وەك دەزانرێت لە ساڵی 2007دا و لە كاتی هەوڵیان بۆ داگیركردنی زاپ، گەریلا لەبارەی راكردنی سەربازەكانی توركیاوە وتبووی بە سواری هاتن و بەپێخاوسی رایانكرد".


نیشانەکردن :

#تورکیا #پەكەكە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP