وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەبارەی سوتانی سندوقەكانی دەنگدان بۆ خەندان دەدوێت

- 6/13/2018 1:06:00 PM 19310 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- دانا تەیب مەنمی

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە لێدوانێكدا بۆ خەندان رایگەیاند، ئیدانەی هەموو هێرشێك دەكەن بۆ سەر پڕۆسەی دیموكراسی عێراق، دەشڵێت،  پاڵپشتی لە داواكەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ لێكۆڵینەوەی متمانە پێكراو بكرێت لە سكاڵاكانی تایبەت بە هەڵبژاردنی 12ی ئایار.

نیكۆڵ تۆمسۆن، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەمڕۆ لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ خەندان وتی، "هانی هەموو لایەنە عێراقییەكان دەدەین نیگەرانییەكانیان لەبارەی هەڵبژاردنەكانەوە بەگوێرەی یاسای عێراق چارەسەر بكەن".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەمەریكا پشتیوانی ئەو نەریتە سیاسییە دەكات كە لە ساڵانی رابردوودا، هەرسێ سەرۆكایەتی كۆمار و وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران لە نێوان كورد و شیعەو سونەدا دابەشكراوە وتەبێژەكەی ئەمەریكا وتی، "ویلایەتە یەكگرتووەكان پاڵپشتی دەكات لە عێراقێكی فیدراڵ و خۆشگوزەران و یەكگرتوو دیموكراتی، كە جێگەی هیوای هەموو عێراقییەكان بێت".

رونیشیكردەوە، "حوكمڕانی عێراق مەسەلەیەكی ناوخۆییە بۆ گەلی عێراق كە بڕیاری لێبدات بەپێی ئەو پڕۆسانەی لە دەستوور و یاساكانی عێراقدا دیاریكراوە".

لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی چۆن پڕۆسەی سیاسی عێراق رزگاربكرێت بارودۆخەكە بەرەو شەڕی نەڕوات، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، "لەوبارەیەوە هیواردارین بگەڕێنەوە بۆ حكومەتی عێراق". 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP