"رەنگە ئاگری ئەم ئاڵۆزییە پێش هەركەس ئەوانە بسوتێنێت، كە خۆیان بەخاوەن بڕیار دەزانن"
كەمال رەئوف: پێش روودانی باهۆزەكە پەلەبكرێت بۆ دروستكردنی تێگەیشتنێكی سیاسی

- 6/13/2018 10:36:00 AM 11543 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كەمال رەئوف، رۆژنامەنوس و چاودێری سیاسی رایدەگەیەنێت، ئێستا لایەنە سیاسییەكانی كوردستان نەك تەبا نین و بەرچاو رونیان نییە بۆ "ئەم دۆخە مەترسیدارە"، تەنانەت هەندێكیان دەیانەوێت رۆڵی بكەریشیان پێبدرێت لەم ئاڵۆزییەدا، دەشڵێت، "رەنگە ئاگری ئەم ئاڵۆزییە پێش هەركەس ئەوانە بسوتێنێت، كە خۆیان بەخاوەن بڕیار دەزانن".

لەمیانی وتارێكدا كە لەبەشی بیروڕای خەندان بڵاوكراوەتەوە كەمال رەئوف نوسیوویەتی، "عێراق لەم دۆخەدا كە حەوشەی پشتەوەی ئێرانە، بەهۆی قبوڵنەكردنی ئاكامی هەڵبژاردنەكان و كاری ساختەكاری و گۆڕینی نەخشەی حوكمڕانی، رووی لە پشێووی و ئاڵۆزی كردووە، ئەمەش فرسەتێكی باش دەدات بە هێزە هەرێمایەتییەكان بۆ دەستتێوەردان، لەشكركێشی توركیا و رێككەوتنی ژێربەژێری لایەنەكانی تر".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "تەنانەت سوننەو شیعە، كە لەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا هەردوولا خاوەنی خۆیان هەیە، لەناوچەكە تەریككردنەوەی كوردی لێ دروستدەبێت و ئەگەر بەوریاییەوە مامەڵە نەكرێت ئەگەری ئەوەش بەهێز دەبێت ئاگری شەڕ بهێنرێتە هەرێمی كوردستانەوە".

كەمال رەئوف نووسیویەتی، "خولاسەی كەلام ئەوەیە، ئێستا لایەنە سیاسییەكانی كوردستان نەك تەبا نین و بەرچاو رونیان نییە بۆ ئەم دۆخە مەترسیدارە، تەنانەت هەندێكیان دەیانەوێت رۆڵی بكەریشیان پێبدرێت لەم ئاڵۆزییە".

نووسەر لەوتارەكەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "باشترین رێگا ئەوەیە پێش روودانی باهۆزەكە پەلەبكرێت بۆ دروستكردنی تەفاهوماتێكی سیاسی، دەنا بەپێچەوانەوە رەنگە ئاگری ئەم شەڕو ئاڵۆزییە پێش هەركەس و لایەنێك ئەوانە بسوتێنێت، كە خۆیان بە بەهێز و خاوەن بڕیار دەزانن لەهەرێمی كوردستان و ئەوكاتە هەموو شارو ناوچەكانی هەرێم بەناوی پارێزگاریكردنەوە بەدەردی كەركوك بچێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP