دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق: هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لە دەستی ئێمەدا نییە

- 6/13/2018 10:32:00 AM 65653 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لایەنە ساختەكارەكان بێ ئومێد دەكات و رایدەگەینێت، ناتوانێت بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار هەڵبوەشێنێتەوە.
 
ئەیاس ساموك، وتەبێژی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، "ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی عێراق كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجامداوە دەربارەی پێنج داواكاری لایەنەكان كە ئاڕاستەی دادگاكە كراوە بۆ قبوڵنەكردنی بڕیارەكانی پەرلەمان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای 3ی هەڵبژاردنەكان".

ئاماژەی بەوەكردووە، "دادگای فیدڕاڵی بڕیاری داوە ئەو پێنج داوایە پەسەند نەكات، چونكە ناتوانن جێبەجێكردنی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و رەتكردنەوەی هەمواری یاساكە پەسەند بكەن تاوەكو گوێ لە هەردوو لایەن نەگیرێت، هەروەها لەدەسەڵاتی ئەوانیشدا نییە یاساكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبوەشێننەوە".

ئەو راگەیەندراوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق دوای ئەوە دێت كە پێنج لایەنی عێراقی داوایان لە دادگای فیدڕاڵی كرد كە بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبوەشێنێتەوە .

6ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری سێیەمی یاسایی هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد بەپێی هەموارەكە، كۆمسیۆن سڕكراوەو دادوەرەكان شوێنی كۆمسیۆن دەگرنەوەو تەواوی دەنگەكان لە عێراق بە دەست هەژماردەكرێنەوە.

بڕیاری هەژماركردنەوەی لەسەدا 100ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای ئەوە هات هەریەكە لە هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری و بزووتنەوەوی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی و شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامی كۆی پڕۆسەكەیان رەتكردەوەو هاوكات هەوڵەكانیان خستەگەڕ بۆ رێگریكردن لە ساختەكارییەكان لەرێگەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.

دوای پەسەنكردنی یاساكە لە ئەنجومەنی نوێنەران هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دژی وەستانەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە لەلایەن شەش لایەنی هاوپەیمانی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و شیوعی و بزووتنەوە ئەو دوو حزبە تۆمەتبار دەكەن بە ئەنجامدانی ساختەكاری لە هەرێمی كوردستان و پارێزگای كەركوك.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP