كه‌سێك به‌ناوى وته‌بێژى مه‌لا مه‌زهه‌ره‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات
وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف بێده‌نگه‌و وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى لێپرسینه‌وه‌ له‌ مه‌لا مه‌زهه‌ر ده‌كات

- 6/9/2018 5:00:00 PM 40356 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-خۆزگە عەزیز

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی رۆشنبیری رایدەگەیەنێت، سبه‌ینێ کەناڵی سروشت کە مامۆستا مەزهەر خاوەندارێتی دەکات دادەخرێت و به‌هۆى"ئەو سوکایەتییەی" کە لەو کەناڵەوە بە ژنی کوردی کردووە، هاوكات كه‌سێك به‌ناوى وته‌بێژى مه‌لا مه‌زهه‌ره‌وه‌، ره‌تیده‌كاته‌و ناوبراو سوكایه‌تى به‌ ژن كردبێت.

محەمەد گەردی، بە خەندان-ی راگەیاند، بەپێی ئەو رێنماییانەی کە لە وەزارەتی رۆشنبیری هەیە و بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیانەش لەو کەناڵەوە کە سوکایەتی بە ژنی کورد کردووە سبه‌ینێ وەزارەتەکە کەناڵەکە دادەخات.

دەشڵێت"پێویست ناکات کەس سکاڵا تۆمار بکات وئێمە خۆمان ڤیدیۆمان لایەو بینیومانە بەیانی کەناڵەکە دادەخەین، بۆ سزاش وەزارەتی ئەوقاف دەبێت سزای بدات".

خه‌ندان په‌یوه‌ندى به‌ مه‌لا مه‌زهه‌ره‌وه‌ كردوو، لاى خۆیه‌وه‌ كه‌سێك به‌ناوى وتەبێژی مەلا مەزهەر کە نەیوست ناوی بهێندرێت بە خەندان-ی راگەیاند،"کەناڵی سروشتی مەلا مەزهەر خزمەتێکی زۆری بە وڵات و نیشتیمان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە، بە هیچ شێوەیەک سوکایەتی بە کەس نەکردووە".

دەشڵێت"لە کەناڵەکەی ئێمە رۆژانە دەیان و سەدان ژنی لێقەوماو هاوکاریدەکرێن، کەناڵەکەی ئێمە بواری رۆشنبیری و سەرجەم بوارەکانی تری تێدایە و ئەو هەموو دوعای خێرەی لەلایەن ئافرەتانی کوردستان-ەوە بۆ کەناڵی سروشت دەکرێت بڕواناکەم هیچ کەناڵێکی تر لەلایەن ژنی کوردەوە ئەوەندە دوعای خێری بۆ بکرێت".

وتەبێژەکەی مامۆستا مەزهەر بۆ خەندان باسیلەوەشکرد،"ئێمە مۆڵەتی فەرمیمان لە وەزارەتی رۆشنبیری هەیە، وەزارەتی رۆشنبیری خەڵکێکی رۆشنبیر دەیبات بەڕێوە هەرگیز پێشبینی ئەوە ناکرێت کە بەبێ بەڵگە ئەو کەناڵە دابخات".

"ئێمە بە بەڵگەوە هەموو تۆمارەکانمان لایە کە کەناڵی سروشت نەک هەر سوکایەتی بە ژنی کورد نەکردووە، بەڵکو خزمەتی بە ژن و هەموو چین و توێژەکان کردووە، ئەوە بەشێک لە پەیجەکانن،  ڤیدیۆکانی مامۆستایانی ئاینی بەتایبەت مامۆستا مەزهەر کورت دەکەنەوە و ئەیشێوێنن و بە سوکایەتی لێکی دەدەنەوە".

وته‌كانى زیاتر روونكرده‌وه‌"ئەو لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت ژنانی کوردستان بوون بە سێ بەشەوە بەشێکیان دایک و خوشک و کەسوکاری ئێمە و خاوەنی ئیمانن، پێویستە خزمەت بکرێن، بەشێکی تریان لەوانەیە ئیماندارنەبن بێباوەڕبن، بەڵام ئەوە دەکرێت بە دووبەشەوە بەشێکیان سنووری خۆیان نەبەزاندووەو سوکایەتی بە خوداو بە پێغەمبەر و نیشتیمانەکەیان ناکەن رێزم هەیە بۆیان و ئازادن، کەس قسەیان پێ ناڵێت، چونکە ئەوان سوکایەتی بە دینی ئیسلام ناکەن، بەڵام ئەوانەی کە سوکایەتی بە دین دەکەن و قسە بە خوداو پێغەمبەر دەڵێن  ئەوانە داینەسورن، بۆ پیاوانیش هەمان شێوە".

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە خەندان-ی راگەیاند، ئەگەر ئەو مامۆستایە لە مینبەری مزگەوتێکەوە قسەی بکردایە وەک وەزارەتی ئەوقاف سزایان دەدا، بەڵام ئەو شێوازە لە وەزارەتی ئەوقاف هیچ سزایەک نایگرێتەوە، چونکە لە مزگەوتدا نەبووە.

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ یه‌كێك له‌ به‌رنامه‌ ئاینییه‌كانی كه‌ناڵی سروشت كه‌ له‌لایه‌ن مه‌لا مه‌زهه‌ر خۆراسانییه‌وه‌ پێشكه‌شده‌كرێت، به‌ ژنی كورد وترا"داینه‌سور"و"ئاغا"، ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP