ئەمەریکا گەرەنتی"نوسراو"ی داوە بۆ پاراستنی مەنبەج لە هێزی دەرەکی

- 6/8/2018 5:57:00 PM 7966 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج رایگەیاند، گەرەنتی نوسراویان لەلایەن ئەمەریکاوە وەرگرتووە بۆ پاراستنی مەنبەج لە هێزی دەرەکی.

دوای رێککەوتن و پێکهێنانی نەخشەرێگای هاوبەشی تورکیا و ئەمەریکا، لە کاری پێکەوەیی لە هەماهەنگییە سەربازییەکانیان لە شاری مەنبەج، یەکینەکانی پاراستنی گەل کشانەوەی "راوێژکارە سەربازییەکانی " خۆی لەو شارە راگەیاند، ئەوەش بەپێی رێککەوتنیان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ.

لەپاش راگەیاندنی ئەو رێکەوتنەش، نێردراوانی هاوپەیمانی شەری دژی داعش و یەکەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشاکانی عێراق و سوریا و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دڵنیایان دا بە ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج (MMC)، کە شارەکە لە هەموو هێزێکی دەرەکی دەپارێزن.

لەو بارەیەوە شێروان دەروێش، وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج بە دیفێنس پۆست-ی وتووە،"گەرەنتی نوسراومان لەلایەن ئەمەریکا و هێزی هاوپەیمانانەوە وەرگرتووە بۆ پاراستنی مەنبەج لە هێزی دەرەکی".

سەبارەت بە دەستکاری پێکهاتە سەربازییەکانیش دەروێش وتی"  ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج سەبارەت بە دەستکاری و گۆرانکاری پێکهاتە سەربازییە خۆجێیەکانی مەنبەج وتەی کۆتایی خۆی دەبێت".

رێکەوتی ٦ی حوزەیرانیش، هێزە ناوەرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئیدارەی نوێی مەنبەجەوە رایگەیاند، ئەمەریکا و تورکیا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ دامەزراندنی ئیدارەیەکی خۆجێیی مەنبەج لەلایەن خەڵکی مەنبەجەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP