ده‌نگدانى تایبه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌
ده‌قى مادده‌كانى یاساكه‌ى ئه‌مڕۆى په‌ڕله‌مانى عێراق، تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان

- 6/6/2018 8:05:00 PM 14566 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ندان-

په‌ڕله‌مانى عێراق ئه‌مڕۆ یاساى هه‌موارى سێیه‌مى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، ژماره‌ ٤٥ی ساڵی ٢٠١٣ی ده‌ركرد و كۆمسیۆنى له‌كارخست و ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى تایبه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و جیاكردنه‌وه‌ى ده‌ستیى ده‌نگه‌كان به‌ رێژه‌ى سه‌دا ١٠٠ له‌ یاساكه‌دا جێكرده‌وه‌.

به‌پێى ناوه‌ڕۆكى هه‌مواره‌ نوێیه‌كه‌، مادده‌ى ٣٨ى یاساى هه‌ڵبژاردن، ژماره‌ ٤٥ی٢٠١٣ هه‌موارده‌كرێته‌وه‌ به‌ جۆرێك، كه‌ كۆمسیۆن پابه‌ند ده‌كرێت به‌ ژماردنه‌وه‌و جیاكردنه‌وه‌ى ده‌ستیى ده‌نگه‌كان له‌ هه‌موو ناوه‌نده‌كانى عێراق به‌ ئاماده‌بوونى نوێنه‌رى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان.

هه‌روه‌ها ئه‌نجامى ئه‌لیكترۆنى ده‌نگدان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و جیاكردنه‌وه‌ى ده‌ستیى ده‌نگه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كرێته‌ بنه‌ما له‌ هه‌موو ناوه‌ند و وێستگه‌كانى ده‌نگدان، ته‌نانه‌ت ئه‌و وێستگانه‌شى كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ به‌ ده‌ستى ده‌ژمێردرێنه‌وه‌.

له‌ مادده‌ى دووى هه‌مواره‌كه‌دا هاتووه‌، ده‌بێت كۆمسیۆن كارته‌كانى ده‌نگدان هاوتا بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌و راپۆرته‌دا كه‌ له‌ ده‌زگاى وردبینى ئه‌لیكترۆنى تایبه‌ت به‌ باركۆدى كارته‌كانى ده‌نگدانه‌وه‌ ده‌ركراوه‌و بڕیارى پێویست له‌ باریيه‌وه‌ بدات.

هه‌روه‌ها به‌پێى مادده‌ى سێ، جگه‌ له‌ ده‌نگى كه‌مینه‌كان كه‌ پێویستیان به‌ كۆتایه‌ هه‌موو ئه‌نجامه‌كانى ده‌نگدانى ده‌ره‌وه‌و ده‌نگدانى مه‌رجدار له‌ كه‌مپى ئاواره‌كان و له‌ ئه‌نبار، سه‌ڵاحه‌دین، نه‌ینه‌وا، دیاله‌، به‌ندیخانه‌كان، وه‌ ده‌نگدانى تایبه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.

هه‌ر به‌پێى مادده‌ی سێ، له‌ حاڵه‌تى بوونى پێشێلكارى پێویسته‌ ئه‌نجامه‌كان هه‌ندێك ئه‌نجام ره‌تبكرێنه‌وه‌، له‌ هه‌ندێك ناوه‌ندى ده‌نگدان، ده‌سته‌یه‌كى دادوه‌رى سه‌رپه‌رشتیار ده‌سه‌ڵاتى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كانى هه‌یه‌ له‌و ناوه‌ندانه‌.

به‌پێى مادده‌ى چوارى هه‌مواره‌كه‌، ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى نۆ دادوه‌ر داده‌نێت، بۆ به‌ڕێوه‌بردنى كاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیۆن، وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى كۆمسیۆن له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت، بۆ هه‌ر نوسینگه‌یه‌كى كۆمسیۆن له‌ شاره‌كان دادوه‌رێك داده‌نرێـت كه‌ به‌ڕێوه‌یبه‌رێت.

هه‌ر به‌پێى مادده‌ى چوار، ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیۆن له‌ كاره‌كانیان ده‌وه‌ستێندرێن، به‌ڕێوه‌به‌رى پارێزگاكانیش كاره‌كانیان هه‌ڵده‌په‌سێردرێت، تا كۆتاییهاتنى لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ تاوانى ساخته‌كارى كه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیارى لێداوه‌.

به‌پێى مادده‌ى پێنج، یاساكه‌ جێبه‌جێده‌كرێت به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانى ٢٠١٨ی عێراق-دا، له‌ مادده‌ى شه‌ش-دا هاتووه‌، كار به‌ هیچ ده‌قێك ناكرێت كه‌ پێچه‌وانه‌ى مادده‌كانى ئه‌م یاسایه‌ بێت.

هه‌روه‌ها له‌ مادده‌ى حه‌وت-دا هاتووه‌ یاساكه‌ راسته‌وخۆ دواى په‌سه‌ندكردنى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌كه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

له‌ هۆكاره‌كانى ده‌رچواندن، هاتووه‌، یاساكه‌ به‌ ئامانجى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ شەفافیه‌تى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن پاراستنى سیسته‌مى دیموكراسى له‌ عێراق و  پاراستنى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن و دڵنیایى متمانه‌ له‌ پاكێتى هه‌ڵبژاردن ده‌ركراوه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP