خێزانی پێشووی ئاشتی هه‌ورامی وه‌ك"خێرخوازێك"ده‌ركه‌وته‌وه‌
دوو دۆسیه‌ی له‌ دادگایه‌"مامه‌ڵه‌كردن به‌ چه‌كی بانكی و كۆمپانیاى وه‌همى"

- 6/6/2018 3:06:00 PM 127164 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د

چراخان ره‌فیق، بازرگان و خێزانی پێشووی ئاشتی هه‌ورامی، وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ ژێر ناوی "ئه‌نجامدانی كاری خێرخوازی"بۆ خێزان و كه‌سوكاری شه‌هیدان ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌ وته‌ی خۆی زیاتر له‌ 10 ملیۆن دۆلاری له‌و بواره‌دا خه‌رجكردووه‌.

به‌پێی راپۆرتێكی كه‌ناڵی رووداو، چراخان ره‌فیق تێچووی چاره‌سه‌ركردنی ژماره‌یه‌ك نه‌خۆشی  له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌، كه‌ خێزان و كه‌سوكاری شه‌هیدان-ن، به‌وته‌ی چراخان ره‌فیق تا ئێستا بڕی زیاتر له‌ 10 ملیۆن دۆلار بۆ چاره‌سه‌ری پێشمه‌رگه‌ برینداره‌كان و كه‌سوكاری شه‌هیدان له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان خه‌رجكردووه‌.

عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت، ئه‌و كه‌سه‌ى له‌ راپۆرته‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌ خێزانى پێشووى ئاشتى هه‌ورامییه‌ و به‌ ناوی لیژنه‌ی چاکسازی سه‌رۆکی هه‌رێم، بڕیاری ده‌ستگیرکردنی له‌لایه‌ن دادگاوه‌ له‌ ساڵى ٢٠١٦ بۆ ده‌رچوو.

چراخان ره‌فیق، ساڵی 2015  له‌ ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌سروشتیه‌كانی هه‌رێم جیابووه‌وه‌، ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌ بازرگانانی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان‌و هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی‌ ئه‌ڵمانییه‌، چراخان به‌ رووداوی راگه‌یاندووه‌، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی هاوكارییه‌كانی و به‌شێك له‌سه‌رمایه‌كه‌ بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان ته‌رخانده‌كات.

ئه‌مڕۆ حاكم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ی هه‌رێم به‌خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "چراخان ره‌فیق دوو دۆسیه‌ی هه‌یه‌ له‌ دادگا، كه‌ یه‌كێكیان مامه‌ڵه‌كردن به‌ دۆسیه‌ی چه‌كی بانكی و ئه‌وی دیكه‌یان دۆسیه‌ی زیپۆ-یه‌".

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "تا ئێستا دۆسیه‌كانی هاوسه‌ری پێشووی ئاشتی هه‌ورامی له‌ دادگا ماون و له‌ قۆناغه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌دان".

هاوكات عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فه‌یسبووكی خۆی نوسیوویه‌تی، "ئه‌م خاتوونه‌ كه‌ خێزانی ئاشتی هه‌ورامی بوو چه‌ندین دۆسیه‌ی گه‌وره‌ی گه‌نده‌ڵیمان له‌سه‌ری دا به‌دادگا كه‌ بریتین له‌ كارگه‌ی وه‌همی قیری زیپۆ كه‌ مانگانه‌ چه‌ندین ملیۆن دۆلاریان تێدا ده‌دزرا".

9ی مانگی 11ی ساڵی 2016 چراخان ره‌فیق، بازرگان‌و هاوسه‌ری پێشووی ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كانی هه‌رێم، له‌لایه‌ن پۆلیسی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌كرا، به‌تۆمه‌تی "مامه‌ڵه‌كردن به‌چه‌كی بانكه‌وه‌".

چراخان ره‌فیق تۆمه‌تباره‌ به‌مامه‌ڵه‌كردن به‌چه‌كی بانكیه‌وه‌ كه‌ حكومه‌ت داویه‌تی به‌بازرگانه‌كان به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ره‌سیدێكی هه‌بێت، پێشتریش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و دۆسیه‌یه‌دا "به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی ناوه‌ندی هه‌رێم تێوه‌گلاوه‌".

ئه‌وكات چراخان ره‌فیق له‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ بۆ خه‌ندان دواو و نكۆڵی له‌و پرسه‌ نه‌كردو رایگه‌یاند، "له‌جیاتی پاره‌ چه‌كم وه‌رگرتووه‌و به‌زه‌ره‌ر فرۆشتوومه‌ته‌وه‌".

مامه‌ڵه‌كردن به‌چه‌كی بانكییه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان دوای ئه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا كه‌ قه‌یرانی دارایی دروستبوو و به‌هۆیه‌وه‌ پاره‌ له‌ بانكه‌كانی هه‌رێم نه‌ما، بۆیه‌ زۆرێك له‌ بازرگان‌و خاوه‌نكاره‌كان چه‌كه‌كانی به‌هه‌رزانتر له‌ بازاڕ ده‌فرۆشت.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان چه‌كی به‌ڵێنده‌ران به‌پێی نوسراوی (1018)ی حكومه‌تی هه‌رێم خه‌رجناكرێت، ته‌نها له‌حاڵه‌تی تایبه‌تدا نه‌بێت كه‌ وه‌زیری دارایی ده‌سه‌ڵاتى دراوه‌تێ "ئیستسنا"ی له‌سه‌ر بكات.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP