بەسێ هۆزات: هەدەپە تاكە حزبە بۆ تێكشكاندنی فاشیزمی ئاكەپە و مەهەپە

- 6/5/2018 8:46:00 AM 4961 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەریی كەجەكە داوای لە دەنگدەرانی ئەوروپا كرد، بەشداریی هەڵبژاردنی توركیا بكەن، دەشڵێت، "تاكە حیزبێك كە دەتوانێت دەسەڵاتداریی فاشیستی ئاكەپە و مەهەپە تێكبشكێنێت، هەدەپەیە".

بەسێ هۆزات لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی یەنی ئۆزگیور پۆلیتیكا رایگەیاند، "كورد، عەلەوی و رۆشنبیران، كە بە ناچاری كۆچیان بۆ ئەوروپا كردووە دەتوانن پلانی فاشیزمی ئاكەپە و مەهەپە تێكبشكێنن".

هۆزات بۆ رۆشنبیران و روناكبیران لە ئەوروپا وتی، "لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانەدا بن، تێكۆشان، خاوەنداریكردن لە بەها مرۆی و دیموكراسییەكان ئەركی سەرەكیی ئێوەی رۆشنبیران و سیاسەتمەدارانە بۆ دروستكردنی توركیایەكی ئازاد و دیموكراتیك".

هۆزات ئاماژەی بە میكانیزمەكانی "فاشیزمی ئاكەپە و مەهەپە" كرد وتی، "ئەو دیكتاتۆرییەتە دەیەوێت پاكتاوكردن و سڕینەوەی گەلی كورد بە تەواوەتی ئەنجام بدات".

ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر ئەو دیكتاتۆریەتە فاشیستە لە هەڵبژاردنی 24ی حوزەیراندا سەربكەوێت، ئەوە پێش هەموان كورد، عەلەوی و ژن و هەروەها هەموو مرۆڤایەتی زیانێكی زۆر گەورەی بەر دەكەوێت، چونكە ئەو رژێمە فاشیستە كۆمەڵكوژكارە پەلوپۆی خۆی بڵاودەكاتەوە و دەسەڵاتەكەی و ئەوەی دەیەوێت لە دژی هەموان ئەنجامی دەدات".

"ئەگەر لە هەڵبژاردنی 24ی حوزەیراندا هەدەپە بەربەستەكە تێپەڕێنێت ئەوا رژێمی فاشیستی ئاكەپە – مەهەپە لە مێژوودا  گەورەترین زیانی بۆ تێكچوون و تێكشكاندن بەردەكەوێت و لەسەر تەختەكەیەوە بە تەوقی سەرەوە دەدات بە زەویدا، ئەو دۆخە دەرگا بەڕوویی دیموكراسیدا دەكاتەوە و دەبێتە سەرەتای قۆناغێكی نوێ"، بەسێ هۆزات وایوت.

هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەریی كەجەكە زیاتر وتی، "ئەوانەی لە ئەوروپا دەژین و هەر مرۆڤێك كە دەیەوێت توركیای ئازاد، یەكسان و دیموكراتیك دروست بێت، دەنگ بە هەدەپە بدەن، ژمارەی هاوڵاتییانی كورد و عەلەوی لە ئەوروپا زۆرە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP