لێدوانی وتەبێژی كەجەكە لەبارەی هەواڵی نزیكبوونەوەی سوپای توركیا لە قەندیل

- 6/4/2018 11:32:00 AM 34984 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لێدوانەكانی وەزیری ناوخۆی توركیا لە بارەی نزیكبوونەوە سوپای توركیا لە قەندیل رەتدەكات و بە بانگەشەی هەڵبژاردن ناوی دەبات.

سەرحەد ڤارتۆ رایگەیاند، "لێدوانەكانی وەزیری ناوخۆی توركیا بێ بنەمایە و ئەوەی دەیڵێت تەنها بانگەشەی هەڵبژاردنە".

ڤارتۆ ئاماژەی بەوەشكرد پێویستە نیازی دەوڵەتی توركیا باش بزانن كە دەیەوێت خاكی باشووری كوردستان داگیر بكات.

دوێنێ سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆیی توركیا بە ئاژانسی ئەنادۆڵ-ی راگەیاندبوو، هێزەكانیان لە باكووری عێراق 26 بۆ 27 كیلۆمەتر چوونەتە پێشەوە، ماوەیەكی كەمیان ماوە بۆ قەندیل.

سەرحەد ڤارتۆ ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر هەرێمی كودستان ناتوانێت بە هێز ڕووبەڕووی سوپای توركیا بێتەوە، پێویستە لانیكەم هەڵوێستێكی روونی هەبێت لەرووی سیاسیەوە".

هاوكات سینان ئۆغان، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە) لە ژمارەی تایبەتی خۆی لە تویتەر نوسیوویەتی، پێش هەڵبژاردنی توركیا ئۆپەراسیۆن بۆ سەر قەندیل دەستپێدەكات.

دوای دوو ساڵ لە ئاگربەستی نێوان توركیا و PKK ، هاوینی 2015 شەڕ دەستیپێكردەوەو فڕۆكە جەنگییەكانی‌ توركیا دەستیانكردەوە بە بۆردومانی‌ ئاسمانی‌ بنكەو بارەگاكانی‌ پەكەكه.

دەستپێكردنەوەی‌ شەڕ دوای‌ كوژرانی‌ دوو پۆلیسی‌ توركیا هات لەپارێزگای‌ ئورفە كە پەكەكە بەرپرسیارێتی‌ خۆی‌ لەكوژرانیان راگەیاند لە تۆڵەی‌ تەقینەوەكەی‌ ناوچەی‌ سروچی‌ سەر سنوور كە گردبوونەوەیەكی‌ كوردەكانی‌ كردبووە ئامانج و بەهۆیەوە 32 كەس گیانیان لەدەستدا.

دوای‌ دەستپێكردنەوەی‌ شەڕ، توركیا ئۆپەراسیۆنی‌ سەربازی‌ لە زۆربەی‌ ناوچەكانی‌ باكووری‌ كوردستان دەستپێكردو تائێستاش ئۆپەراسیۆنەكان بەردەوامن.


نیشانەکردن :

#تورکیا #كه‌جه‌كه‌

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP