مایکڵ فارادای؛ شۆڕشگێری بواری کارەبا (بەشی سێیەم)

- 5/31/2018 7:07:00 PM 6053 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-شێرکۆ رەشید قادر، ئاکام محەمەد

 

فارادای وەک پێشکەشکار

فارادای زوو زانی کە پێویستە دۆزینەوەکانی خۆی لە کۆمەڵەی شاهانە پێشکەش بکات و سوریش بوو لەسەر ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە، هەر بۆیەش هات و مامۆستایەکی گرت بە ناوی ”بەنجامین سمارت”ەوە بۆ ئەوەی فێری بکات کە چۆن گوتار لە نێو زانایاندا پێشکەش بکات، بە تایبەت لە ناوەندێکی هەستیار و بەناوبانگی وەک کۆمەڵەی شاهانە. 

لە ساڵی ١٨٢٦ دا، لە ژێرناوی ” مشتومڕی ئێوارانی فارادای” زنجیرە موحازەرە بە ناوبانگەکانی خۆی پێشکەشکرد، لە راستیدا زۆر بە نایابی خۆی ئامادەکرد و تاقیکردنەوەکانی ئەنجامدا و زوش بووە کەسایەتیەکی بەرچاو و دیاری نێو خەڵک، بە تایبەت لە نێو بژاردەی رۆژگارەکەدا ناوی بە تەواوی پەیداکرد، فارادای، کاتێک تاقیکردنەوەکانی پێشکەشکرد، لە نێو قەفەزێکی ئاسنیندا بوو، بە تایبەت کاتێک لە دەرەوەی قەفەزەکەوە پڕیشکی کارەبایی زۆر کاریگەر لە هەمو لایەکی قەفەزەکەوە دەگیرایە قەفەزەکە، فارادای دڵنیابوو لەوەی کە قەفەزەکە زۆر بە باشی لە پڕیشکە کارەباییەکان دەیپارێزێت، بەڵام نمایشەکە تەواو جێگای سەرنج و بایەخی بینەران بوو.

دوای ئەمەش، چەند وانەیەکی لە جەژنی سەری ساڵدا بۆ منداڵان پێشکەشکرد کە زۆر سەرکەوتوتر بوون، هەتا ئێستاش ساڵانە ئەم یادە لەو پەیمانگایەدا دەکرێتەوە، بە ناوبانگترین نمایش کە فارادای لە جەژنی سەری ساڵدا ئەنجامیدا بریتی بوو لە زنجیرە کۆوانەکانی لەمەڕ مێژوی کیمیایی مۆم، کە تێیدا مۆمی بەکارهێنا بۆ پێشکەشکردنی سامانێکی زۆر گەورەی ئایدیا، هەر لە توخمە کیمیاییەکانەوە هەتا دەگاتە پرۆسەی ئارەقکردنەوە لە ئنساندا، لەم بارەیەوە وتی،” هیچ شتێک لەوە باشتر نییە کە مرۆڤ بۆ پێشکەشکردنی خوێندنی فەلسەفەی سروشتی دیاردەی فیزیکی مۆم بەکاربهێنێت.”

لە ساڵی ١٨٣٠دا، فارادای زۆر سەرکەوتووانە پێگەی خۆی لە پەیمانگای شاهانەدا قایمکرد، تاقیگەکەی لە ژێرزەمینەکەدا بوو، موحازەرەکانی لە هۆڵەکانی سەرەوە و قاتی یەکەم پێشکەش بە خەڵکی دەکرد، ئەمە جگە لەوەی خۆی و هاوسەرەکەی لە ئەپارتمانێکدا لە قاتی سەرەوە دەژیان.

گەیشتن بە لوتکە

کە فارادای گەیشتە تەمەنی پەنجا ساڵی، زۆر جاران دوچاری سەرئێشە و گەلێک جاری دیکەش توشی نەخۆشی بیرچونەوە دەبوو، هێشتا هیمەت و توانای کارکردنی هەبوو، توانای ئەوەی هەبوو بە دە کاتژمێر زیاتر لە ٧٣ کیلۆمەتر بە سەر چیاری ئەڵپدا بە پیادە بڕوات، بەڵام وردە وردە هەستیکرد پێویستی بە پشوی سەری هەیە، سەرباری ئەمانەش، هەندێک خەڵک ئەم قۆناخەی ژیانی فارادای بە بەرزترین و بە پیتترین تافەکانی داهێنانی ژیانی حساب دەکەن.

وێنەی فارادای لەسەر دراوی وڵاتی بەریتانیا.

لە ساڵی ١٨٤٥دا، فارادای زینجیرەیەک تاقیکردنەوەی ئەنجامدا، لەم تاقیکردنەوانەدا، فارادای تێکۆشا و ویستی بزانێت کە ئایا ئەلکترۆموگناتیزم بە شێوەیەک کاریگەری دەکاتە سەر ئەو روناکییەی کاتێک لە لایەن مادە رەنگ ئاوییەکانەوە جەمسەرگیری دەکرێن! دوای تاقیکردنەوەی چەندەها مادەی ئاوی، دواجار هات و پارچە مسێکی شوشەیی قورسی تاقیکردەوە، یەکسەر بۆی دەرکەوت کە ئەم پرۆسەی جەمسەرگیرییە لە ژێر کاریگەی موگناتیسیدا رودەدات، ئەمە دەسکەوتێکی لە ئاسابەدەر و زۆر مەزن بوو، چونکە بۆ یەکەمجار و بە ئاشکرا ئەو پیوەندییە دەخاتەڕو کە لە نێوان روناکی و موگناتیس و کارەبادا هەیە، ئەم دۆزینەوە گەورەیەی فارادای زەمینەی خۆشکرد بۆ دۆزینەوەی شەبەنگی تەواوی تیشکدانەوەی ئەلکترۆموگنایزم، لە نێویاندا تەلەفزیۆن، مایکرۆوەیڤ، تیشکی- ئێکس، تیشکی گاما و روناکیش.

هەر لەم دەور و کاتانەدا بوو کە فارادای کەوتە باسکردن و وروژاندنی پرسی کایەی هێزەکان، لە راستیدا وشەی کایە(بوار) لە بناواندا دەگەڕێتەوە بۆ ویلیام تۆمسن، ئەو ماتماتیکناسە لاوەی خەڵکی سکۆتلەندە بوو، فارادای وەها هەستیکرد کە تۆمسن تەنها کەس بووە بە تەواوی لە چەمکی کایەی فارادای تێگەیشتوە، بەڵام ئایدیای کایە سەرتاپا هی فارادای خۆی بوو.

 

 بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی پێشوو کلیک لەم بەستەرانە بکە: (بەشی دووەم) ، (بەشی یەکەم) .

نیشانەکردن :

#آ،م #زانستی_فیزیک

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP