گەلانی ڕۆژئاوای كوردستان خۆپیشاندانیان بۆ عەفرین ئەنجامدا

- 5/27/2018 8:07:00 AM 4362 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەزاران هاوڵاتی لە شارەكانی مەنبەج و دێرك و گێركێلەگێ و كۆبانێ لە دژی دەوڵەتی توركیا ڕژانە سەر شەقامەكان و ڕێپێوانیان ئەنجامدا، بۆ دەربڕینی پشتیوانی بۆ كانتۆنی عەفرین-ی رۆژئاوای كوردستان.

دوێنێ شەممە لە چوارچێوەی خۆپیشاندانەكانی پشتگیریكردنی عەفرین لە سەرتاسەری جیهان، لە شارەكانی رۆژئاوای كوردستان ڕێپێوان ئەنجامدرا، لە كۆتاییدا بەیاننامێكیان ئاڕاستەی ڕای گشتی كرد.

هاوڵاتیانی مەببەج لە مەیدانی سەبەر بەحرات كۆبوونەوە، لە چالاكییەكەدا نەزهە خەلۆ، هاوسەرۆكی مەجلیسی دیموكراتیك-ی منبج ئاماژەی بە كۆچبەری و تاڵان و كۆمەڵكوژی و هێرشی دەوڵەتی توركیا كرد.

هاوسەرۆكی مەجلیسی دیموكراتیك-ی منبج وتیشی، "دەوڵەتی توركیا دوای هێرشكردنەسەر عەفرین هەڕەشەی داگیركردنی مەنبەج دەكات".

هاوكات هەزاران هاوڵاتی لە شارەكانی گرێسپی، عەین عیسا، سرین و كۆبانێ لە مەیدانی ژنانی ئازادی كۆبانێ گردبوونەوە و ڕێپێوانێكیان بەرەو مەیدانی شەهید عەگید دەستپێكرد.

خۆپیشاندەران و چالاكوانان بە وتنەوەی دروشمی "نا بۆ گۆڕینی دیموگرافیا" و "نا بۆ بێدەنگیی نێودەوڵەتی"ە دژی دەوڵەتی توركیا وەستانەوە.

دوای 58 رۆژ لە بەرگری سەختی شەڕڤانانی یەپەگەو یەپەژە دژی لەشكركێشی سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا 18ی مانگی (ئازار/3)ی رابردوو لەكانتۆنی عەفرین كشانەوە، ئەوەش بۆ رێگە گرتن لە بۆردوومانی هاوڵاتیانی مەدەنی كە توركیا بە سەختی دەستیپێكردبوو.

بەهۆی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەكانی توركیاوە بۆسەر عەفرین زیاتر لە 500 هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و زیاتر لە هەزار هاوڵاتی دیكەش برینداربوون، تا ئێستاش دیارنییە سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا كەی لە كانتۆنەكە دەچنە دەرەوە.


نیشانەکردن :

#عه‌فرین

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP