خەندان چیرۆكی ئەو كاسبكارە گەنجەی هەڵەبجە بڵاودەكاتەوە كە پۆلیس تەرازووەكەی لێسەند

- 5/25/2018 3:25:00 PM 227216 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- خۆزگە عەزیز

تەمەنی 18 ساڵەو لەناو بازاڕی هەڵەبجەدا بە عەرەبانەیەك سێوی دەفرۆشت، ئەو باوكی پێشمەرگەیەو بۆ هاوكاریكردنی خێزانەكەی ئەو كارەی دەكرد، دوای بڵاوبوونەوەی وێنەیەكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی هەژاند، كاتێك پۆلیسێك تەرازووەكەی دەبات و رێگری لەكارەكەی دەكات.

ئامانج گەنجێكی شاری هەڵەبجەیەو دوای ئەوەی وێنەیەكی بڵاوكرایەوە لەكاتی فرۆشتنی سێودا بە عەرەبانە، ئێستا دەستبەرداری كارەكەی بووەو وەك خۆی دەڵێت، "بەهۆی تانەی خەڵكەوە كار ناكات". 

ئەو ئێوارەیەی كە پۆلیس تەرازووەكەی لێسەند 21ی ئەم مانگە بوو، ئامانج بۆ خەندان وتی، "كاتژمێر 5:45 خولەكی ئێوارە بوو، بە عەرەبانەكەمەوە چوومە ناو بازاڕەوە، لەوكاتەدا مەفرەزەی پۆلیس هاتن و تەرازووەكەیان هەڵگرت و بردیان، منیش دەستم كرد بەسەر تەرازووەكەداو وتم تەرازووەكە دابنێن، بەڵام ئەوان پێیان وتم ئەگەر زۆر قسە بكەیت خۆشت دەبەین بۆ قایمقامیەت".

ئامانج دەگێڕێتەوە، ئەوان كە تەرازووەكەیان بردووە، دواتر ئەو چووە تەرازووەكەی وەربگرێتەوە، بەڵام پێنج هەزاریشیان لێوەرگرتووە، ئامانج پرسیاری ئەوەشی كردووە كە كێ ئەو وێنەیەی گرتووە، بەڵام ئەوان وتویانە وەرە با پارەكەت پێبدەینەوە، ئەویش ڕازی نەبووەو پێی وتوون "پارەم ناوێ بەس دەمەوێت بزانم كێ وێنەكەی گرتووم، بەڵام ئەوان وەڵامیان نەداوەتە".

ئامانج نموونەی هەزارەها هاوڵاتی دیكەی هەرێمی كوردستانە، كە بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی بژێوی ژیان و قەیرانی دارایی-یەوە بە عەرەبانە لەناو بازاڕدا كەلوپەل دەفرۆشێت، ئەوەش لەكاتێكدایە لیژنەكانی قایمقامیەت بەبیانووی نایاسایی بوونەوە رێگری لە كارەكانیان دەکەن.

ئامانج خوێندكاری 9ی بنەڕەتییە، لە قوتابخانەی گۆرانی بنەڕەتی دەخوێنێت، ئەوكاتانەی دەوامی خوێندنگای نییە سێ رۆژ بەیانیان دەچێت بۆ شت فرۆشتن و سێ رۆژیش لە دوای كاتژمێر 1:00 وە دەچێتە بازاڕ بۆ دابینكردنی بژێوی خۆی و خێزانەكەی.

ئامانج دەڵێت، "بۆیە ئەو كارە دەكەم، كەسی تر نییە كارمان بۆ بكات، باوكیشم بە تەنیا ناتوانێت بژێوی ژیانمان بۆ دابینبكات، بۆیە من هاوكاری دەكەم، باوكم پێشمەرگەیە و مانگانە 500 هەزار دینار وەردەگرێت، 200 هەزاری لێدەدەین بە كرێی خانوو".

دایكی ئامانج بەركەوتوویی چەكی كیمیاییە، خاوەن پێداویستی تایبەتە و بەردەوام مانگانە پێویستی بە چارەسەر هەیە، ئەوەش وایكردووە خەرجییەكی زیاتریان پێویست بێت، هەروەها ئامانج دوو براو خوشكێكیشی هەیە، كە خوێندكاری زانكۆن.

ئەو رۆژانە بڕی شەش بۆ هەشت هەزار دیناری بەو عەرەبانەیە پەیدا دەكرد، بەڵام دوای ئەو ئێوارەیەی پۆلیس تەرازووەكەی لێوەرگرتووەو وێنەكەی بڵاوكرایەوە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان "بەهۆی تانەی خەڵكەوە" ئەو كارە ناكات.

ئامانج بە بێزاریەوە دەڵێت، "نازانم كێ ئەو وێنەیەی گرتووە، ناتوانم بچمە بازاڕ یان هەر شوێنێكی تر هەمووان باسم دەكەن تانەم لێدەدەن و دەڵێن بڕۆ تەرازووەكەت وەربگرەوە"، هاوكات هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵا دەكات دژی ئەو پۆلیسانەی كە تەرازووەكەیان بردووە، هەروەها ئەوكەسەی وێنەكەی بڵاوكردووەتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP