كتێبێكی بڵاونەكراوەی نمایشدەكرێت
یادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا دەكرێتەوە

- 5/19/2018 9:50:00 AM 14875 جار خوێندراوەتەوە
نەوشیروان مستەفا فۆتۆ: سبەی

خەندان-

لەژێر دروشمی "گەر ئیرادە بەردەوام بێت، ئاسۆی ژیان درەوشاوەیە"، ئەمڕۆ شەممە ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەمین، دەكرێتەوە.

نەوشیروان مستەفا، رێبەری نیوسەدە خەباتی گەلی كورد، لە رۆژی 19-5-2017 لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد‌و لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا، بڕیارە ئەمڕۆ كاتژمێر 8:00ی ئێوارە بە مەراسیمێك یادی بكرێتەوە.

مەراسیمەكە، لەسەر ئارامگاكەی لەگردی زەرگەتەی شار سلێمانی بەڕێوەدەچێت، تێیدا كتێبێكی بڵاونەكراوەی نەوشیروان مستەفا نمایش دەكرێت و چەند چالاكیەكی جۆراوجۆر پێشكەش دەكرێن ‌و پێشانگایەكی كتێبیش دەكرێتەوە.

هەر لە مەراسیمەكەدا ئەندامانی خانەی راپەڕاندن ‌و جڤاتی نیشتمانی ‌و گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پێشوازی لە میوانەكان دەكەن ‌و هیچ بەیاننامە‌و وتارێك ناخوێنرێتەوە.

نەوشیروان مستەفا، رێبەری نیوسەدە خەباتی گەلی كورد لە 3ی ئەیلولی ساڵی 2016 لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بەرەو لەندەن بەڕێكەوت بەمەبەستی وەرگرتنی‌ چارەسەركردنی پزیشكی‌، رۆژی 13ی مانگی 5ی ساڵی رابردوو دوای زیاتر لە 8 مانگ، گەڕایەوە شاری سلێمانی.
 
نەوشیروان مستەفا پێشترو لە رۆژی 2015/9/22 بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی سەردانی ئەڵمانیای كردو لە28 ی‌ نیسانی‌ 2016  گەڕایەوە هەرێمی‌ كوردستان.
 
كێشەی تەندروستی نەوشیروان مستەفا كە بەهۆیەوە چووەتە‌ دەرەوەی وڵات، پەیوەندیدارە بە نەشتەرگەرییەك كە ساڵی 1987 لە ئەڵمانیا بۆی ئەنجامدراوە.

نەوشیروان مستەفا لەكتێبی خولانەوە لەناو بازنەدا دەگێڕێتەوە، ساڵی 1986 بەدەست ئازاری پشتییەوە ناڵاندویەتی‌و پەرێشان بووە، دواتر لەسەر داوای مام جەلال چووەتە دەرەوەی وڵات بۆ ئەنجامدانی‌ نەشتەرگەری‌.

نەوشیروان مستەفا ساڵی 1944 لە گەڕەكی سەرشەقام-ی سلێمانی لەدایكبووە، قۆناغەكانی خوێندنی هەر لە سلێمانی تەواوكردووە، ساڵی 1967 كۆلێژی زانستە سیاسییەكانی لە زانكۆی بەغدا تەواوكردووە، سەرەتای سەرەتای حەفتاكان چووەتە نەمسا و ماستەری لەیاسای نێودەوڵەتی لە نەمسا خوێندووە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP