هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

ساڵێك بەسەر كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا تێدەپەڕێت

- 5/19/2018 8:45:00 AM 10481 جار خوێندراوەتەوە
ساتی بەڕێكردنی تەرمی نەوشیروان مستەفا لە مزگەوتی گەورەی سلێمانییەوە بۆ گردی زەرگەتە

خەندان-

ساڵێك لەمەوبەر نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.

نەوشیروان مستەفا كاتژمێر 8ی بەیانی 19-5-2017 دوای ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی لەماڵەكەی خۆیدا لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد، رۆژی دواتریش لە 20-5-2018 لەسەر وەسیەتی‌ خۆی‌ لە گردی‌ زەرگەتەی‌ سلێمانی‌ بەخاك سپێردرا.

نەوشیروان مستەفا، رێبەری نیوسەدە خەباتی گەلی كورد لە 3ی ئەیلولی ساڵی 2016 لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بەرەو لەندەن بەڕێكەوت بەمەبەستی وەرگرتنی‌ چارەسەركردنی پزیشكی‌، رۆژی 13ی مانگی 5ی ساڵی رابردوو دوای زیاتر لە 8 مانگ، گەڕایەوە شاری سلێمانی.
 
نەوشیروان مستەفا پێشترو لە رۆژی 2015/9/22 بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی سەردانی ئەڵمانیای كردو لە28 ی‌ نیسانی‌ 2016  گەڕایەوە هەرێمی‌ كوردستان.
 
كێشەی تەندروستی نەوشیروان مستەفا كە بەهۆیەوە چووەتە‌ دەرەوەی وڵات، پەیوەندیدارە بە نەشتەرگەرییەك كە ساڵی 1987 لە ئەڵمانیا بۆی ئەنجامدراوە.

نەوشیروان مستەفا لەكتێبی خولانەوە لەناو بازنەدا دەگێڕێتەوە، ساڵی 1986 بەدەست ئازاری پشتییەوە ناڵاندویەتی‌و پەرێشان بووە، دواتر لەسەر داوای مام جەلال چووەتە دەرەوەی وڵات بۆ ئەنجامدانی‌ نەشتەرگەری‌.

نەوشیروان مستەفا ساڵی 1944 لە گەڕەكی سەرشەقام-ی سلێمانی لەدایكبووە، قۆناغەكانی خوێندنی هەر لە سلێمانی تەواوكردووە، ساڵی 1967 كۆلێژی زانستە سیاسییەكانی لە زانكۆی بەغدا تەواوكردووە، سەرەتای سەرەتای حەفتاكان چووەتە نەمسا و ماستەری لەیاسای نێودەوڵەتی لە نەمسا خوێندووە.

لە شەستەكانی سەدەی رابردوو، چووەتە ناو سیاسەتەوەو ساڵانی 1963 و 1964 بووەتە ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیان، وساڵی 1967 بووەتە ئەندامی لقی سلێمانی- پارتی دیموكراتی كوردستان باڵی مەكتەبی سیاسی.

نەوشیروان مستەفا لەساڵی 1981 ژیانی هاوژینی پێكهێناوە، و خاوەنی دوو كوڕ كچێكە،17ی ئاداری ساڵی رابردووش، خاتوو شوعلە عەلی، هاوسەری نەوشیروان مستەفا، لە تەمەنی 60 ساڵیدا لە شاری سلێمانی بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.

نەوشیروان مستەفا یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان،و ماوەیەك سكرتێری كۆمەڵەی رەنجدەران بووە، تا ساڵی 2006 جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە.

نەوشیروان مستەفا  لە ساڵی 2006 وازی لە كاری حیزبی لە نێو یەكێتی هێناو دواتر كۆمپانیای وشەی دامەزراند، ساڵی 2009  بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لیستی گۆڕانی دروستكرد، دواتریش گۆڕان بووە یەكێك لە پارتە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP