هەرئێستا

"هاوپەیمانی بۆ گۆڕینی فۆڕمی سەقەتی حزباتی هاتووە"
محەمەد رەئوف: هەڵبژاردنەكانی عێراق كلیلی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم-ە

- 5/3/2018 2:44:00 PM 5982 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- كاروان مەسعود

محەمەد رەئوف، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری هاوپەیمانی رایگەیاند، هاوپەیمانی وەك هێزێكی نیشتیمانی بە بەرنامەیەكی تۆكمەوە هاتووەتە ناو كایەی سیاسییەوە بۆ چاككردنی سیستەمی دەسەڵات و گۆڕینی فۆڕمی سەقەتی حزباتی.

لەمیانی دیمانەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ رۆژنامەی ئاساهی شیمبۆنی ژاپۆنی، محمد رەئوف ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری رایگەیاند، "هاوپەیمانی سنووری ناوچەیی و ئایدۆلۆژی تێپەڕاندووە، پڕۆژەیەكە بۆ خزمەتكردنی خەڵك و چارەسەركردنی كێشەكان، بۆیە كادری پێشكەوتووی زۆربەی حزبەكانی كوردستان و خەڵكی خەمخۆری نیشتیمانی و رێژەیەكی زۆر لە گەنجی بێ لایەنی ئەم ووڵاتە لەئێستادا لەژێر چەتری ئەم هاوپەیمانییەتە كۆبوونەتەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "هاوپەیمانی وەك هێزێكی نیشتیمانی بە بەرنامەیەكی تۆكمەوە هاتووەتە ناو كایەی سیاسییەوە، بۆ چاككردنی سیستەمی دەسەڵات و گۆڕینی فۆڕمی سەقەتی حزباتی، بۆیە بووەتە جێگەی ئومێدی زۆرینەی خەڵكی كوردستان".

 ئەو ئەندامەی دەستەی دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی بۆ رۆژنامە ژاپۆنییەكە روونیشیكردەوە، "هاوپەیمانی بە ڕۆحی نوێ و دەموچاوی نوێوە كاردەكات، بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەی، خەڵكی كوردستان و نەوەی تازەی ئەم ووڵاتە ئەمەی دەوێت، بۆیە هاوپەیمانی بڕیاریدا لە پێوەرەكانی دیاری كردنی كاندیدەكانی هیچ كەسێك كە پێشتر پەرلەمانتار یان وەزیر بووە كاندید نەكات، ئەگەر نا هاوپەیمانی هاودیدی زۆری هەیە كە لە ئێستا و رابردوو لە پلە و پۆستی باڵان لە كوردستان و عێراق".

لەبارەی دۆخی ناوخۆی كوردستانەوە محەمەد رەئوف وتی، "هەردوو لایەنی سەرەكی دەسەڵات بە فۆڕمی سەقەتی حزبایەتی چوونەتە حكومەتەوە، بۆیەش سیستەمی حكومڕانی ئەم هەرێمی بەم ئاقارەی ئێستا گەیشتووە، كە نەهێزێكی پێشمەرگەی نیشتیمانیمان هەیە و نە كەرتی تایبەتی ڕاستەقینەمان هەیە".

ئەندامەكەی دامەزرێنەری هاوپەیمانی وتیشی، "سیستەمی حكومڕانی ئەم هەرێمە بەشێوەیەكە كە هەموو شتێك دەبێت بۆ حزب بێت، لەوێشەوە بۆ ئەندامانی حزب و هاوڵاتی ئاسایش هیچ مافێكی پێنادرێت، بۆ چارەسەكردنی ئەم دۆخەش هاوپەیمانی هاوتووە بۆ هێنانە كایەی حوكمی رەشید و بە پراكتیزەكردنی دیموكراتی و دادپەروەری ڕاستەقینە، بە فۆڕمی ئاشتیانەی گۆڕینی دەسەڵات لە رێگەی هەڵبژاردنەوە".

محەمەد رەئوف دەشڵێت، "باوەڕی تەواویشمان بەوە هەیە كە پێویستە بڕیاری هاوڵاتی توانای گۆڕانكاری هەبێت و كۆتایی بێنین بە لۆژیكی ئەوەی هێزی لابێت ئەوا دەسەڵاتی دەبێت".

لەبارەی هەڵبژاردنەكانی عێراق محەمەد رەئوف وتی، "هەڵبژاردنەكانی عێراق كلیلی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستانە، بەهۆی پەیوەندی بەهێزی بەڕێز دكتۆر بەرهەم لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و عێراقی بووەتە جێ ئومێدی خەڵكی كوردستان، بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخە پڕ لە قەیرانەی ئێستا، ئەوەش دوای هەڵبژاردن لە رێگەی ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی شەڕەفمەندانە لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور".

ئەوەشی خستەڕوو، "كاردەكەین بۆ گێڕانەوەی پێگەی كورد و دابینكردنی بژێوی هاوڵاتیان لە داهاتی ووڵات و ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و زیندووكردنەوەی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی ماددەی 140 بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان".

لەبارەی ڕۆڵی هاوپەیمانی لە ئاشتەوایی نیشتیمانی و یەكڕیزی لە ناوخۆی هەرێم محەمەد رەئوف وتی، "ئێمە جنێونادەین و شكۆی كەس ناشكێنین كە ئەوەش زمانێكی نوێیە و خاڵی جیاوازی ئێمەیە لەگەڵ لایەنەكانیتر، چونكە ئێمە بە زهنیەتی وەرگرتنی دەسەڵات بانگەشە دەكەین نەك بە زهنیەتی ئۆپۆزسیۆن بوون، وەك هەندێك لە لایەنەكانیتر ئەنجامی دەدەن".

محەمەد رەئوف زیاتر وتی، "هاوپەیمانی لە بانەگشەی هەڵبژاردندا جەخت لەسەر چاككردنی سیستەمی حكومڕانی و بڕینی دەستی حزب لە حكومەت و گۆڕینی فۆڕمی حزبایەتی دەكات، بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و گێڕانەوەی داهاتی گشتی بۆ خەڵك و هاوپەیمانی بە زمانێكی توند و دلێر باسی گەندەڵی دەكات، بۆیەش بەم زمانە ئاشتیانە بانگەشە دەكەین چونكە خەڵكی ئێمە زۆر ماندووكراوە و نامانەوێت ئاسایشی كۆمەڵایەتی زیاتر بخەینە مەترسییەوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP