"دوای داگیركردنی عەفرین داعش چالاكتر بووە"
ڕایان دیلۆن: ئەگەری دروستكردنی خیلافەتی دووەم هەیە لە لایەن داعشەوە

- 4/20/2018 9:39:00 AM 5790 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش رایگەیاند، دوای لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا بۆسەر عەفرین و دواتر داگیركردنی "داعش ژیاوەتەوە و هێرشەكانی زیادی كردووە".

ڕایان دیلۆن، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا رایگەیاند، "ڕێژەی هێرشەكانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی سووریا دوای ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر عەفرین چڕ بووەتەوە".

ئاماژەی بەوشەكرد، "لە كاتی هێرشەكەی توركیاوە بۆ سەر ناوچەی كوردنشینی عەفرین، هێرشەكانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاتر بووە، ئەگەر ئەو هێرشانە درێژەیان ببێت و ئەمەریكا-ش ناوچەكە بەجێ بێڵێت، ئەگەری دروستكردنی خیلافەتی دووهەم لە لایەن داعشەوە هەیە".

دیلۆن راشیگەیاند، "دوای دەستپێكردنی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین، هێزە كوردەكانی ئەندامی هێزی سووریای دیموكرات بەرەكانی شەڕی داعشیان لە ڕەقە و دەێرەزوور بۆ یارمەتی دان بە هاوزمانەكانی خۆیان لە عەفرین چۆڵ كردووە".

دوای 58 رۆژ لە بەرگری سەختی شەڕڤانانی یەپەگەو یەپەژە دژی لەشكركێشی سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا 18ی مانگی (ئازار/3)ی رابردوو لەكانتۆنی عەفرین كشانەوە، ئەوەش بۆ رێگە گرتن لە بۆردوومانی هاوڵاتیانی مەدەنی كە توركیا بە سەختی دەستیپێكردبوو.

ڕایان دیلۆن جەختی لەوەشكردەوە، هێرشەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین پڕۆسەی شەڕی دژە داعشی لە سوریا كە لە لایەن هاوپەیمانانی ئەمەریكاوە ئەنجام دابوو خاو كردووەتەوە.


نیشانەکردن :

#عه‌فرین

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP