هیومان ڕایتس وۆچ: هێزە ئەمنییەكانی هەرێم تاكتیكی سەركوتكارانەیان دژی خۆپیشاندەرانی مەدەنی بەكارهێناوە

- 4/17/2018 12:54:00 PM 3886 جار خوێندراوەتەوە
بەكارهێنانی گازی كیمیایی دژی خۆپیشاندەرانی مەدەنی

خەندان-

هیومان ڕایتس وۆچ رایدەگەیەنێت، لە خۆپیشاندانەكانی ماوەی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان گازی فرمێسك رێژ دژی خۆپیشاندەران بەكارهێنراوە، هاوكات  84 خۆپیشاندەر و چوار رۆژنامەنووس دەستگیركراون، دەشڵێت، " هێزە ئەمنییەكانی هەرێم تاكتیكی سەركوتكارانەیان دژی خۆپیشاندەرانی مەدەنی بەكارهێناوە".

هیومان ڕایتس وۆچ، رێكخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ، راپۆرتێكی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی مانگی رابردووی هەرێم بڵاوكردەوەو رایگەیاند، "هێزە ئەمنیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی (مانگی ئازار/3) هەستاون بە دەستگیركردنی لانیكەم 84 خۆپیشاندەرو چوار ڕۆژنامەنووس، دەریشكەوتووە زۆرێك لە دەستگیركردنەكان هەڕەمەكی بوون".

رێكخراوەكە لەراپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، "دەستگیركراوەكان بە خۆپیشاندانی مەدەنی داوای مافەكانیان كردووە، 12 شایەتحاڵ وتیان، هێزە ئەمنیەكان لەكاتی هەوڵی دەستگیركردنی خۆپیشاندەران لەكاتی خۆپیشاندانەكان لە شارەكانی ئاكرێ و دهۆك و هەولێر لە ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەریان داوە".

 هیومان ڕایتس ۆوچ رونیشیكردووەتەوە، ڕاپۆرتی دەستگیركردنی لە شارەكانی شیلادزێ و سۆران و زاخۆشی بەدەست گەیشتووە.

هیومان ڕایتس ۆوچ هەروەها دەڵێت، "هێزە ئەمنیەكان زەبرو زۆری نایاسایی و هەڕەشەیان بەكارهێناوە بۆ ناچاركردنی خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسان لە كردنەوەی تەلەفۆنەكانیان و ئاشكراكردنی پاسۆردی فەیسبووكەكانیان".

لەوبارەیەوە لەما فەقیە، جێگری بەڕێوەبەری هیومان ڕایتس ۆوچ بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاندووە، ''دەردەكەوێت تاكتیكی سەركوتكاری هێزە ئەمنیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی خۆپیشاندانە ئاشتیانەكان بۆ بێدەنگكردنی ناڕەزاییەكان بێت، ئەمە سەرەڕای بانگەشە فەرمیەكانیان لە ڕێزگرتن لە ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوە، ئەوە نیشانەی سەركوتكاریە كاتێك دەسەڵاتداران هەوڵدەدەن بە زۆر خەڵكی ناچار بكەن لە واژوكردنی وازهێنان لە مافە بنەڕەتیەكانیان لە خۆپیشاندان كردن.''

25ی مانگی رابردوو خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە بەشێك لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، داوایانكرد سیستمی پاشەكەوتی مووچە كۆتایی پێبهێندرێت و مووچەكانیان لەوادەی خۆیدا پێبدرێت.  


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP