وتەبێژی‌ كەجەكە بۆ خەندان: كشانەوەی گەریلا لە شەنگال لە ژێر فشار و داوای هیچ لایەنێكدا نەبووە

- 4/17/2018 11:12:00 AM 2413 جار خوێندراوەتەوە
ساتی كشانەوەی گەریلاكانی پەكەكە لە شەنگال

خەندان-

وتەبێژی‌ كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) رایگەیاند، بۆ دوو ئامانج چوونەتە ناو شەنگالەوەو لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا ئەو ئامانجانەیان بەدەستهێناوە، بۆیە بڕیاریانداوە هێزەكانیان لە شەنگال بكشێننەوە، وتیشی، " كشانەوەی گەریلا لە شەنگال لە ژێر فشار و داوای هیچ لایەنێكدا نەبووە".

سەرحەت وارتۆ، وتەبێژی‌ كەجەكە لەبارەی كشانەوەی گەریلاكانی پەكەكە لە شەنگال ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ خەندان وتی، "ئێمە لەوبارەوە پێشتر راگەیەندراوێكمان بڵاوكردەوەو كشانەوەی هێزەكانمان لە شەنگال راگەیاند، لەسەر ئەو بنەمایەش هەموو هێزەكانمان بە تەواوەتی لە شەنگال كشاونەتەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "هێزەكانمان لەسەرەتادا لەبەر دوو هۆكار چوونەتە ناو شەنگال، یەكەمیان ئێزیدیەكان رووبەڕووی كۆمەڵكوژی دەبوونەوە لەسەر دەستی داعش، هێزەكانی ئێمە بۆ رزگاكردنی ئێزیدیەكان چوون، هۆكاری دووەمیش ئەوەبوو بتوانین گەرەنتییەك بە دەستبهێنین بۆ دانیشتووانی ئێزدی، كە جارێكی تر رێگە نەدرێت رووبەڕووی كۆمەڵكوژی ببنەوە، بۆ ئەوەش رێگەی بە ئێزیدییەكان بدرێت دامەزراوەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئاسایشی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان بەڕێوەببەن و پارێزگاری لە خۆیان بكەن".

سەرحەت وارتۆ ئەوەشی خستەڕوو، "پێمانوایە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا ئەو ئامانجانە بە دەستهاتوون، بۆیە بڕیارماندا هێزەكانمان لە شەنگال بكشێنینەوە".

ئەو وتانەی سەرحەت وارتۆ لەكاتێكدایە 10ی ئەم مانگە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە میانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند، "داوامان لە پەكەكە كردووە لە شەنگال بكشێتەوە".

بەڵام وتەبێژی‌ كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) رونیكردەوە، "كشانەوەمان بڕیاری تەواوی خۆمان بووەو لە ژێر فشارو داوای هیچ لایەنێكدا نەبووە، دوای ئەوەی ئامانجەكانمان بە دەستهێنا بە پێویستمان زانی بكشێینەوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP