"كوشتنی مرۆڤەكان بە چەكی ئاسایی و بە چەكی كیمیایی هەر تاوانە"
توركیا: لەگەڵ ئەمەریكا لە بارەی ئەو هاوكارییانەی پێشكەشی پەیەدەی دەكەن، رێكناكەوین

- 4/16/2018 1:47:00 PM 5812 جار خوێندراوەتەوە
بەكر بۆزداغ

خەندان-

جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند، لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەبارەی ئەو هاوكارییانەی پێشكەشی پەیەدەی دەكەن رێكناكەون، وتیشی، "ئەوان هەڵەن لە بەكارهێنانی ئەو هێزەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی داعش".

بەكر بۆزداغ، جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا لەكاتی گەیشتنی بە قەتەر وەڵامی پرسیارەكانی رۆژنامەنووسانی دایەوەو وتی، "كوشتنی مرۆڤەكان بە چەكی ئاسایی و بە چەكی كیمیاییش هەر تاوانە، چونكە لە هەردووكیاندا مرۆڤی بێتاوان و خەڵكی مەدەنی دەكوژرێن".

ئەو وتانەی جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا لەكاتێكدایە وڵاتەكەی بە هاوكاری گروپە چەكدارەكانی سوریا لە ماوەی رابردوودا هێرشیانكردەسەر كانتۆنی عەفرین-ی رۆژئاوای كوردستان، بەهۆی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەكانی توركیاوە زیاتر لە 500 هاوڵاتی مەدەنی عەفرین شەهیدبوون و زیاتر لە هەزار هاوڵاتی دیكەش برینداربوون، هاوكات هەزاران هاوڵاتیش ئاوارەبوون.

جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا ئاماژەی بەوەشكرد، "ئێمە لەگەڵ ئەمەریكا لە بارەی ئەو هاوكارییانەی پێشكەشی پەیەدەی دەكەن رێكناكەوین، ئەوان هەڵەن لە بەكارهێنانی ئەو هێزەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، ئەوەیان لە هەموو دەرفەتێكدا پێدەڵێین".

جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا وتیشی، "ئێمە لەوبارەوە لەگەڵ ئەمەریكا سیاسەتی هاوبەشمان نییە، سیاسەتمان جیاوازە. ئەم هەڵوێستەی توركیا نەگۆڕاوە".

بەكر بۆزداغ رونیشیكردەوە، "سیاسەتی سوریا-مان سیاسەتی لەگەڵبوون یان دژایەتییكردنی هیچ وڵاتێك نییە، سیاسەتی پشتیوانییكردنە لەوەی درووست و خاوەن مافە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP