ئەنجوومەنی خۆجێی عەفرین پێكهێنرا

- 4/12/2018 7:52:00 PM 9076 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەنجومەنی خۆجێی كاتی كانتۆنی عەفرین-ی رۆژئاوای كوردستان پێكهێنرا، ئەوەش دوای ئەوەی 18ی مانگی (ئازار/3) سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا دەستیان بەسەر كانتۆنەكەدا گرت.

بەپێی میدیای فەرمی توركیا، ئەنجوومەنی خۆجێی كاتی كانتۆنی عەفرین پێكهێندراوە، ئەنجومەنەكە لە 20 كورسی پێهاتووە، كە 11 یان بۆ كورد و هەشت كورسیان بۆ عەرەب و یەك كورسی بۆ توركمانەكان تەرخانكراوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، زوهێر حەیدەر لەنێو نوێنەرانی كورد بە سەرۆكی ئەنجومەنەكە هەڵبژێردراوە، هاوكات دەستەی جێبەجێكاری ئەنجوومەنەكە لە هەشت كەس پێكهاتوون هەڵبژێردراون، كە بریتین لە (زەكەریا محەمەد، جاسم ئەلسیفەری، ئەحمەد حاجی حەسەن، عەبدولرەحمان نەجار، هارۆ عوسمان و محەمەد شێخ رەشید).

دوای 58 رۆژ لە بەرگری سەختی شەڕڤانانی یەپەگەو یەپەژە دژی لەشكركێشی سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا 18ی مانگی (ئازار/3)ی رابردوو لەكانتۆنی عەفرین كشانەوە، ئەوەش بۆ رێگە گرتن لە بۆردوومانی هاوڵاتیانی مەدەنی كە توركیا بە سەختی دەستیپێكردبوو.

بەهۆی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەكانی توركیاوە بۆسەر عەفرین زیاتر لە 500 هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و زیاتر لە هەزار هاوڵاتی دیكەش برینداربوون، تا ئێستاش دیارنییە سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا كەی لە كانتۆنەكە دەچنە دەرەوە.

نیشانەکردن :

#عه‌فرین

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP