كەجەكە: دەوڵەتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان سەلماندیان ماف و ئازادیی گەلی كورد پەسەند ناكەن

- 3/21/2018 1:36:00 PM 5386 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كۆنسەی سەرۆكایەتی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) بەبۆنەی نەورۆزەوە پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، دەوڵەتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان، بە هەڵوێستیان لەبەرامبەر عەفرین سەلماندیان بەهیچ شێوەیەك ماف و ئازادیی گەلی كورد و گەلانی ناوچەكە "پەسەند ناكەن".

پەیامەكە ئەمڕۆ لەلایەن ڕێوار ئاودانان، ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی كەجەكە لە بناری قەندیل خوێندرایەوەو ئاماژەی بەوەكرد، "گەلی كورد هاوشێوەی سەردەمی ماددەكان، شانبەشانی گەلانی ناوچەكە، هەنگاو بۆ بونیادنانی سیستمێكی ئازاد و دیموكرات دەنێت، نەورۆزی گەلان كۆتایی بە زوحاكەكانی سەردەم دەهێنێت".
 
لە سەرەتای پەیامەكەدا، كەجەكە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی كوردیی ئاڕاستەی گەلی كوردستان و گەلانی ئازادیخواز و عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەكەكە و گەلی عەفرین كردووە.

لە پەیامەكەی كەجەكەدا هاتووە، "گەلەكەمان لەم دوو مانگەدا، بە بەرخۆدان و هەڵوێستیان، یەكبوونی نەتەوەیی خۆی سەلماند و هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستانیشی خستە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی گرنگەوە".
 
ئەوەش خراوەتەڕوو، "ئەوەی لەسەر ئێمەیە، ئەوەیە كە داخوازی و هیواكانی گەلەكەمان پێكبهێنین و ئیتر لەچوارچێوەی سەكۆیەكی نەتەوەیی و ستراتیژییەكی نەتەوەییدا تێكۆشان ئەنجام بدەین، هەموومان ئەو ڕاستییە بزانین، كە دۆزی گەلەكەمان و خواستی گەلەكەمان یەكە و چەندە ئێمە وەكو چوار دۆست و چوار هەست هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكەین، خۆمان لاواز دەكەین و دوژمنانمان شادومان دەكەین".
 
كەجەكە دەڵێت، "دەوڵەتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان بە هەڵوێستیان لەبەرامبەر عەفرین و دۆزی ڕەوای گەلەكەماندا، سەلماندیان كە ئەوان بەهیچ شێوەیەك ماف و ئازادیی گەلی كورد و گەلانی ناوچەكە پەسەند ناكەن، هەر پڕۆژە و هەوڵدانێك لەپێناوی ئازادیی گەلی كورد و گەلانی ناوچەكەدابێت، ئەوان رووبەڕووی دەبنەوە و هەموو توانایان دەخەنە گەڕ بۆ زیندبەچاڵكردنی".

"با دەوڵەتان باش بزانن، كە خەیاڵیان خاوە و ئیرادەی كوردی ئازاد، هەموو هێرش و پیلانگێڕی و داگیركارییەكانیان تێكدەشكێنێت، چونكە گەلی كورد بڕیاری شۆڕش و سەركەوتنی داوە و ئاگری شۆڕش و خەباتمان گەشتر لە هەمیشەیە"، كەجەكە وادەڵێت.

نیشانەکردن :

#كه‌جه‌كه‌

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP