هەرئێستا

شێروان محەمەد: نەخشەی هێزەکان گۆڕانکاری زۆر گەورەی بەسەردادێت

- 3/7/2018 4:40:00 PM 30023 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-جێگر خدر

لەمیانی بەشداریکردنی لەبەرنامەی شرۆڤەی خەندان-ی رادیۆی خەندان، شێروان محەمەد غەریب، چاودێری سیاسی  روداو و پێشهاتەکانی  ئەم دواییەی عێراق و هەرێمی کوردستانی شیكرده‌وه‌و  ئاماژەى بەوه‌كرد گۆڕانکاری گەورە لە نەخشەی هێزە سیاسییەکانی هەرێم و بەغدا رووده‌دات.

خەندان: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەزۆرینە پرۆژەیاسای بودجەی 2018ی پەسەندکرد ، ململانێکانی هەرێم و بەغدا بەرەوکوێ هەنگاو دەنێت ؟

شێروان محەمەد غەریب : لەدوای روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە ، بەغدا ،ئەوەی ویستی بەهێز کردی ، تەواوکارییەکەی لە رێگەی یاساوە جێبەجێدەکات ، وەک بینیمان بەزۆرینە ئەو پرۆژەیەی تێپەڕاند ، ئەوە خۆی جەنگێکی ساردە دژ بە هەرێم ، بە دڵنیاییەوە ئەنجامی خراپیشی لێدەکەوێتەوە.

خەندان : بەغدا بۆچی ئەوە دەکات ؟

شێروان محەمەد غەریب : بێگومان هەموو ئەوانەی دەکرێن ، هۆکاری لە پشتەوەیە ، کاردانەوە و دەرئەنجامن ، حکومەتی عێراقی خۆشی دنیایەک کێشەی هەیە ، سەرتاپا گەندەڵە، بەڵام ئێمەش وەک کورد نەمانزانی سیاسەت بکەین ، لاوازانە سیاسەتێکی ئابوریمان جێبەجێکرد ، بەر لەم دۆخە پارەیەکی باش هەبوو ، هەموو قاسەکان پڕبوون ، بەڵام بەهەدەردانی ئەو پارانە بە ئەمڕۆی گەیاندین.

خەندان: ماوەیەکی درێژە کێشەکان هەن لە نێوان هەردوولادا ، بەغدا بە چ لۆژیکێک ئەو بڕیارە  دژانە  دەسەپێنێ بەسەر هەرێمدا؟

شێروان محەمەد غەریب : ئەوە بڕیارانە سیاسین ، هیچ لۆژیکێکی تێدانییە، تەنها تۆڵە سەندنەوەیە ، ئەوە هەمان سیاسەتی ناسیۆنالیستییە کە رژێمەکانی پێشوو هەیبووە ، بەڵام پێویستە ئێمە بزانین چۆن مامەڵە بکەین و چ سیاسەتێک پەیڕەو بکەین تاوەکو ئەوان بە ویستی خۆیان ، مامەڵەمان لەگەڵدا نەکەن و دژمان نەوەستنەوە ، ئێمە لە ساڵانی رابردوودا کۆمەڵی هەڵەی سیاسی و ئابوریمان هەبوو ، دواهەمینیان بڕیاری ریفراندۆم بوو کە ئێمە ئێستا باجەکەی دەدەین . 

خەندان: بەغدا زۆر جەخت لەسەر جێبەجێکردنی دەستور دەکاتەوە ، تێپەڕاندنی پرۆژەیەکی وەک بودجە بەو پشکە کەمەوە بۆ کورد ، پێشێلکردنی دەستور نییە؟
شێروان محەمەد غەریب : بێگومان لەهەردوولاوە پێشێلکردنی دەستور هەیە ، ئەگەر خوێندنەوەیەکی ئەکادیمییانە بۆ دەستوری عێراقی بکەین ئەوە بە ڕوونی دەردەکەوێت ، بەغدا بە زەقی پێشلی کردوە ، ئەوەیشی کە ئێستا کردویەتی بە هیچ شێوەیەک جێگای نابێتەوە لەناو دەستوردا ،  شەراکەت بوونی نەماوە،  ئەوەی دەبیندرێت هەموو یاساکان بە زۆرینە تێدەپەڕێندرێن .

خەندان : هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستیانیەکان چۆن بوو بە دیدی ئێوە؟

شێروان محەمەد غەریب:  لە عێراقدا هیچ یاسایەک بەبێ  تەوافق تێناپەڕێندرێت ، ئێمە لە ساڵانی پێشوتردا ، دەمانتوانی یاساک رەتبکەینەوە ، بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ فراکسیۆنەکانی تر، بەڵام لە ئێستادا چونکە ژمارەی کورسییەکانمان  لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، وەک پێویست نییە ، ناتوانرێت ئەو رێژەیە دابین بکات، کە کاریگەری هەبێت لەسەر گۆڕینی رێرەوەی دەنگدانەکە ، بۆیە کورد لە ئێستادا دەبێت رێگەی تر بگرێتەبەر نەوەک پەرلەمان ، ئەگینا فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەڵوێستی باشیان هەبوو، بەڵام بەداخەوە ئەوانە بێ کاریگەری بوون.

خەندان: لەلایەن بەشێک لە نوێنەرانی کوردەوە باس لە بژاردەی کشانەوە دەکرێت ، بۆچونی تۆ بۆ ئەمە چیە؟

شێروان محەمەد غەریب : لەم قۆناغەدا ئەوە بژاردەیەکی دروست نییە ، چونکە ئێمە ئێستا لە دۆخێکی زۆر خراپداین لە سەر ئاستی ئابوری و هەولێریش پێگەکەی تەواو لاواز بووە لە عێراقدا ، ئەوە دەکرا ساڵی ڕابردوو بکرایە کە پێگەمان بەهێز بوو لە روە ئابوری و سیاسیەکەوە ، هاوکاتیش عێراق گیرۆدەی چەندان کێشەی ناوخۆیی بوو، دەمانتوانی ئەوکات بڕیاری لەوجۆرە بدەین ، بەڵام لە ئێستادا بژاردەیەکی دروست نییە.

خەندان: ئێستا کە هەڵبژاردن لە پێشە ، باس لە بایکۆتی ئەو پرۆسەیەش دەکرێت ، دەکرێ کورد هەڵوێستێکی لەمجۆرە رابگەیەنێت ؟

شێروان محەمەد غەریب: ئەو قسەیە هی ئەو لایەنانەیە کە لە عێراقدا پێگەی لاواز بووە ، ئێمە دەزانین کە، نەخشەی هێزە سیاسیەکان لە هەرێم و بەغدا گۆڕانکاری زۆر گەورەی بەسەر دێت ، ئێستا لەسەروبەندی هاتنە پێشەوەی کۆمەڵێ هێزی سیاسین ، لاشمان وایە ، هاتنە پێشەوەیان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەشێک لەو ئازار و مەینەتیانەی کە میللەتەکەمان هەیەتی کەم بکرێتەوە، بایکۆت کردن هیچ چارەسەر ناکات بەڵکو دابڕانێکی گەورە دروست دەکات.

خەندان : پێت باشە ئەمجارە کورد بە چ گۆڕانکارییەکەوە بچێتەوە بۆ بەغدا ؟

شێروان محەمەد غەریب : دەبێ کورد بەسەرجەم حساباتی سیاسی خۆیەوە بڕواتەوە بۆ بەغدا ، وە ئەو وڵاتانەشی کە کاریگەری راستەوخۆ و ناراستەوخۆیان هەیە لە عێراقدا ، هەوڵبدرێت جارێکتر پێداچونەوە بە پەیوەندییەکانیان بکرێت ، ئێمە لە مێژودا پەیوەندی سیاسی زۆرباشمان لەگەڵ کۆمەڵێ وڵاتاندا هەبوە کە یارمەتیان داوین لە خەباتدا، ئەوانە دەتواندرێ جارێکیتر سودیان لێوەربگرینەوە ، چونکە ئێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەژین ، لێرە تەنانەت ئەو وڵاتانەشی کە سیادی بەهێزیان هەیە، دەستێوەردان و کاریگەری بوونی هەیە. 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP