برایمە رەش: ئەمجارە لە هەڵبژاردنەکان، راپەڕین دووبارە دەکەینەوە

- 3/6/2018 2:47:00 PM 26159 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ندان-جێگر خدر

برایمە رەش ،یەکێک لە سەرپه‌رشتیارانی راپەڕینی 5ی ئازار، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "شرۆڤەی خەندان"ی رادیۆی خەندان ، بەشێک لە بیرەوەریەکانی ئەوێ رۆژێ دەگێڕێتەوە و دەڵێت، لە ئێستادا مۆدێلی شۆڕشی چەکداری نەماوە و لە هەڵبژاردنەکان ،راپەڕین دووبارە دەکەینەوە. 

خەندان: تۆ وەکو یەکێک لە سەرپەرشتیارانی راپەڕین لەناوچەی بیتوێن ، چۆن وەسفی ئەو رۆژە دەکەی؟

برایمە رەش: کاتێ کە قسە دێتە سەر راپەرین و بیرەوەرییەکانی 5ی ئازار ، بۆ من رۆژێکی تایبەتە، دوای تەواوی هەوڵەکانی حکومەتی ئەوکات بۆ دژایەتیکردنی میلەتی ئێمە، هەلومەرجێکی وا هاتەپێشەوە کە خەڵک رق و قینەی خۆی هەڵڕێژێت پێیدا  هەموان لە ئامادەباشیدا بووین، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان زۆر پتەوبوو، هەموو خەڵکی بیتوێن ئاگامان لەیەک بوو، رانیە، حاجیاوا، سەروچاوە، ئێمە لەچوارقوڕنەبووین،  بە گڕو تینەوە کارمان دەکرد، هەروەها رەوشی رژێمیش تەواو شپرزبووبوو، بەرنامەکە وا دانرابوو 7ی ئازار دەست پێبکات لەسلێمانی، بەڵام پلانی ئێمە پێشی خست، گوتمان دەبێ رانیە بکەینە دەروازە.

خەندان : بیروباوەڕی ئێوە چۆن بوو؟ دڵنیابوون رژێم وەدەردەنێن؟

برایمە رەش: بەڵێ، ئێمە دڵنیابووین، هەروەها پێشتریش دیراسەمان کردبوو، خەڵکانێکی کەم بوون بەمانەوەی دڵخۆشبوون، ئەوە هاندانێکی باش بوو بۆئێمە ، بە دەیان هەزار کەس ئامادەیی ئەوەی تێدابوو، سەر و ماڵی لەپێناو ئەو ئامانجە دابنێ، با من شتێکتان بۆ بگێڕمەوە، شەوێک لەماڵی ئێمە دانیشتبووین بۆقسەکردن و پلاندانان ، باوکم گوتی دەبێ کارێکی واش بکەین کە تێدانەچین، من بە قسەهاتم و گوتم تۆ پێنج کوڕت هەیە ، چی دەبێ گەر کوڕێکت لەپێناوی ئەو نیشتیمانە دابنێی؟! ، باوکیشم وەڵامی دامەوە زۆر بە حەماسییەوە گوتی نەک کوڕێک، خۆم و هەموو کوڕەکانم دەکەمە قوربانی، من پێشتان دەکەومەوە ، واشیکرد.

خەندان : 27 ساڵ ، بەسەر ئەو رۆژەدا تێدەپەڕێت ، تۆ چۆن دەڕوانییە ، بەرهەمەکانی ئەوێ رۆژێ ؟

برایمە رەش : دوو قۆناغی زۆر لەیەک جیاوازن، ئەو سەردەمە خوێندنەوەی تری دەوێ ، ئێستاش لە دۆخێکی جیاوازداین، داواکاری و ویستەکانمان جیاوازن ، هەروەها ئێستا لەناو کێشە و ململانێیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیداین و سەرکردەو دەسەڵاتدرانی ئێستاش  لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا زۆر لاوازە ، لای هەمووان   ئەوە بۆ رونبووەتەوە، کە ئەوانە لە چ ئاستێکی سیاسیدان، چەند بنەماڵەیەکن، دەستیان بەسەر قوتی ئەو کۆمەڵگەیەدا گرتووە ، هیچ بەرنامەیەکی سیستەمی حوکمڕانییان نەماوە ، بۆیە پێم وایە ، ئەمجارە لەهەڵبژاردنەکان راپەڕین دووبارە دەکەینەوە، ئەوە تێڕوانینی منە بۆ ئەم قۆناغە.

خەندان : چی وا لە تۆی بەشداربووى راپەڕین دەکات، پێتوابێت، ئەمجارە بە شێوازێکی مەدەنیانە راپەرین دەکەنەوە؟

برایمە رەش: ئەوە من نیم بەتەنها ئەو باوەڕەم هەبێت، بەڵکو هەلومەرجە سیاسیەکانی ناوچەکەو جیهان وایکردووە ، ئێستا شۆڕشی مەدەنی جێ بە شۆڕشی چەکداری لەقبکات، ئەوە وڵاتانی پێشکەوتوون ئەوەمان فێردەکەن بەو شێوازەبین ، ئێمەش پێویستدەکات سود لەوان وەرگرین، دنیای پێشکەوتوو ئێستا بێز لە خوێنرشتن دەکات، پێویستە ، سیاسی بیرمەند پێشمانکەوێت بۆ ئەم شۆڕشە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP