هەواڵی ئەمڕۆ

راگەیەندراوی یەکەمین کۆبونەوەی بەرفراوانی هاوپەیمانی لەدوای کۆنگرەی دامەزراندنەوە

- 2/25/2018 8:15:00 PM 25728 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوێنێ هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری، یەکەمین کۆبوونەوەی بەرفراوانی خۆی لەدوای کۆنگرەی دامەزراندنەوە لەشاری هەولێر ئەنجام دا، کە تێیدا کۆمەڵێ بابەتی ڕێکخراوەیی و کارگێڕی، بەرنامەکانی ڕاگەیاندن و هەڵبژاردن پێشکەشکرا و هەڵسەنگاندن و بۆچونی ورد لەسەر ستراتیژی کارکردنی دامەزراوەکان، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خرایەڕوو.

هاوکات، د. بەرهەم ساڵح سەرۆکی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەریی، لەوتەیەکیدا داوای لەهاودیدان کرد، بۆ ڕێگری لەساختەکاری، هانی هاونیشتیمانیان بدەن بۆ تۆمارکردنی ناوی خۆیان، لەسیستەمی بایۆمەتری.

دەقی راگەیەندراوەکە:

هاونیشتیمانیانی خۆشەویست

ڕۆژی ۲٤ / ۲ / ۲٠۱۸ کاتژمێر ۱٠ ی سەرلەبەیانی بەسەرپەرشتی سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و بەئامادەبوونی هاودیدانی دامەزرێنەر و ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و دەڤەرەکان و دامەزراوەکانی هاوپەیمانی، یەکەمین کۆبونەوەی بەرفراوان لەگەڵ سەرجەم کاندیدەکانی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق لەهەولێری پایتەخت ئەنجامدرا .

لەبەرایی کۆبونەوەکەدا، سەرۆکی هاوپەیمانی جەختی کردەوە لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، کەتیایدا ئازادی دەنگدان و ڕێزگرتن لەماف و ئیرادەی دەنگدەران و بەرکەوتەی دیموکراسی لایەنە سیاسیەکان پارێزراو بێت. لەم پێناوەشدا، سەرۆکی هاوپەیمانی، داوای لەهاودیدان کرد، بۆ ڕێگری لەساختەکاری، هانی هاونیشتیمانیان بدەن بۆ تۆمارکردنی ناوی خۆیان، لەسیستەمی بایۆمەتری. کە ئەوەش تاکە دەستەبەری هەڵبژاردنێکی بێگەرد و گێڕانەوەی مافی خەڵک و سزادانی ئەو لایەن و هێزانەیە، کە کوردستانیان بەم ڕۆژگارە شومانەی ئێستا گەیاندوە. 

دوای نیوەڕۆش، کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی هاوپەیمانی ئەنجامدرا. لەوێ سەرباری کۆمەڵی بابەتی ڕێکخراوەیی و کارگێڕی، بەرنامەکانی ڕاگەیاندن و هەڵبژاردن پێشکەشکرا و هەڵسەنگاندن و بۆچونی ورد لەسەر ستراتیژی کارکردنی دامەزراوەکان، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خرایەڕوو.

لەتەوەرێکی تری کۆبونەوە بەرفراوانەکەی هاوپەیمانیدا، چۆنیەتی پێکهێنانی سکرتاریەتی ئەنجومەنی گشتی خرایە دەنگدانەوە و بەزۆرینەی دەنگ، میکانیزمی نوێنەرایەتی دەڤەرەکان بۆ سکرتاریەتی ئەنجومەنی گشتی، پەسندکرا. 

دوا تەوەری کۆبونەوەکە، بە وتەیەکی سەرۆکی هاوپەیمانی کۆتایی هات، کەتیایدا بەوردی تیشک خرایە سەر بارودۆخی سیاسی کوردستان و عێراق و روخساری قەیرانەکان و چۆنیەتی سەرهەڵدان و زەمینە بابەتی و خودیەکانی درێژەکێشان و ئیرادە و ئەگەرەکانی چارەسەرکردن بەقازانجی خەڵک و خاکی کوردستان، لەلایەن سەرۆکی هاوپەیمانیەوە بە میکانیزمی واقعی و پێشنیاری ڕێگەچارەی کارا  و خێرای دوور لە موزایەدە و  ململانێی سیاسی و بەدەر لەخواستی حزب و خزم، بۆ بەشداربوانی کۆبونەوە بەرفراوانەکانی هاوپەیمانی، لەلایەن سەرۆکی هاوپەیمانی پێشکەش کرا . هەروەک چۆن بە بەڵگە و زانیاری ڕاست و دروستەوە، ڕونکردنەوەی دوور لەهەڵچون و پەرچەکردار، بۆ هەندێک لەو دەنگۆ و قسەوباس و هەوالە میدیایی و هەڵپە حزبیانە، خرایە بەردەم هاودیدانی کۆبونەوە بەرفراوانەکە و لەلایەن سەرۆکی هاوپەیمانیەوە، ڕاشکاوانە تیشک خرایە سەر حەقیقەتی سەرجەم هەوڵەکان، بۆ ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد. کە دیسان لە هەمبەر ئەو بابەتەدا، سەرۆکی هاوپەیمانی، بەڕوونی جەختی کردەوە، کەپرسەکە لەڕوانگەی ئێمەوە هەرگیز کێشەیەکی تایبەتی و کەسی نیە و دورونزیک پەیوەندیدار نیە، بەبابەتی پۆست و پێگە، بەڵکو بابەتەکە كێشەی بێدادی و زەوتکردنی ماف و نانی خەڵکە. سەرۆکی هاوپەیمانی جەختی کردەوە کەلەبنەڕەتەوە، بابەتەکە پەیوەندیدارە بەجیاوازی لەبیروبۆچونی سیاسی و ڕوئیای حزبی و ئەداو جۆری حوکمڕانیەوە. لەم ڕوانگەوە کۆبونەوە بەرفراوانەکە تەئکیدی کردەوە، کەلێرەوە پەیامی سەرەتاکانی دامەزراندنی هاوپەیمانی بۆ ڕۆڵەکانی گەل دووبارە دەکەینەوە، کەبەردەوامبون و جەختکردنەوەیە لەسەر ئیرادەی سەرکەوتن و چاککردن، وێڕای سەختی قەیرانەکە. چونکە ئیتر دەبێت بەس بێت بێدادی و پاوانکاری، بەس بێت حوکمڕانی شکستخواردو، بەس بێت زەلیلکردنی ڕۆڵەکانی گەل بەدیار هاتنو نەهاتنی چارەگە موچە و زەبونبونیان بەدیار خێری ئەم ناوەند و ئەو ناوەندەوە. 

دواجار کۆبونەوە بەرفراوانەکە وەستان بوو لەسەر ئیرادەی بەرزی هاوپەیمانی کە جەختکردنەوەیە لەسەر  خواستی (هەرچەندە سەختە بەڵام چاکی دەکەین)لەم پێناوەشدا بەجۆشوخرۆشی هاودیدان و بەڵێنی جێبەجێکردنی بڕیاڕ و ڕاسپاردەکان و ویستی سەرخستن و سەرکەوتنی کاندید و پەیامەکانی هاوپەیمانی، لەوێستگەکانی ئێستای تێکۆشانی مەدەنیدا، بەهەمان ورە و بەهەمان وزەی دەستپێکی کۆبونەوە بەرفراوانەکە، کۆتایی هات.

هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری
هەولێر
۲٥ / ۲ / ۲٠۱۸
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP