شەھیدبوونی ھاوار، غەمێکی نەبڕاوەی جێھێشت
منداڵەکانی ماچ کردوو بۆ ھەمیشە رۆشت و نەگەڕایەوە

- 2/13/2018 8:54:00 PM 37976 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-

تەنھا ١٠رۆژی مابوو، بۆ ئەوەی ھاوار، پێبنێتە (٣٥)ەمین بەھاری تەمەنیەوە، بەیانییەک زوو لەخەو ھەستاو، دوای نان خواردن ناوچاوانی ھاوسەرو دوومنداڵەکەی ماچ کردوو، بەرەو سەنگەرەکانی شەڕی داعش، بەڕێکەوت، ئیدی ھەرگیز نەگەڕایەوە. 

شەھید ھاوار، ئەبوبەکر عەبدولڕەحمان، لەساڵی ١٩٨٠لەگەڕەکی ئابڵاخی شاری سلێمانی لەدایکبووە، تا قۆناغی سەرەتایی خوێندووە. لەساڵی ١٩٩٧بووەتە پێشمەرگە، دوا شوێنی پێشمەرگایەتی فەوجی دووی لیوای نۆی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە بوو، رۆژی ١٨-٣-٢٠١٥ لە نزیک گووندەکانی عەتشانەو عوزێرییە، بە پارچەی گوللە ھاوەن شەھیدبوو.

رۆشنای تەمەن ٣٦ساڵ، ماوەی شەش ساڵ بوو، ھاوسەرگیریی لەگەڵ شەھید ھاوار کردبوو، ئەوان دایک و باوکی کوڕو کچێکن، رەھێڵ ھەشت ساڵ و یوسف-ی چوار ساڵ.

رۆشنا، بەدەم گریانەوە باسی لە دوایین ساتەکانی خۆیکرد، لەگەڵ ھاوسەرەکەی، وتی"شەش رۆژ بەر لەشەھیدبوونی بۆ دواجار شەھیدم بینی، کاتژمێر ٧:٣٠ بەیانی بوو کە نانی بەیانی خوارد و رۆیشتەوە بۆ ئەرکی پێشمەرگایەتی، وەکو نەریتی ھەمیشەیی من و ھەردوو مناڵەکەی ماچ کرد و رۆیشت، ئیتر نەمبینییەوە".

رۆژی شەھیدبوونیشی، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی بەیانی رۆشنا، تەلەفۆن، بۆ ھاوسەرەکەی دەکات، "ھەواڵم پرسی، وتی زۆر باشم دڵت لام نەبێت، ئیتر قسەم لەگەڵی نەکردەوە، بۆ ئێوارەکەی دایکی وتی تەلەفۆنی بۆ ئەکەم وەڵامم ناداتەوە، منیش تەلەفۆنم بۆ کرد کەسێکی تر وەڵامی دامەوە، وتم کاکە بۆچی ھاوار خۆی وەڵام ناداتەوە، وتی ئەوەتا لەوێیە دوای خۆی قسەت لەگەڵ ئەکات".

دوای ئەوە، رۆشنا، چەند جارێکی دیکە تەلەفۆن دەکاتەوە، بۆ مۆبایلەکەی ھاوار، بەڵام وەڵام نابێت،"ئیتر من زانیم شەھیدبووە، چونکە دوو رۆژ بوو دڵم تەنگ بوو، بەڵام پورێکی شەھید وتی بریندارە، وتم زۆر شوکرم ئەگەر بەس مابێت، دواتر ھەر ئەو پورەی پێی وتم پێویست ناکات بیشارینەوە شەھیدبووە، ئیتر من تاسام، بەڕاستی تا ساڵێکیش زۆر بێ تاقەت بووم و حەزم نەدەکرد کەس قسەم لەگەڵ بکات".

"لەگەڵ شەھید ھاوار زۆر یەکمان خۆش دەویست، کە لەدەوام بووایە بەردەوام بەنامە و قسەکردن ئاگامان لەیەک بوو، ئەو کەلەناخۆشترین وەزعیشدا بووایە، لەبەر من دەیوت وەزعمان زۆر باشە، ھەردوو مناڵەکەی زۆر خۆش دەویست، بەتایبەتی رەھێڵ چونکە، یوسف ئەو کات ھێشتا زۆر بچووک بوو"رۆشنا بەدەم گریانەوە وای وت.

رەھێڵ، ئێستا لەقۆناغی دووەمی بنەڕەتی دەخوێنێت، لەدوای شەھیدبوونی باوکییەوە بێ تاقەت بە روخسارییەو دیارە، رۆشنا وتی"مامۆستاکانی دەڵێن بێ تاقەتەو شەرم دەکات، بەڵام ھەرچۆنێک بێت خۆم ھەوڵی زۆری لەگەڵ دەدەم بۆ ئەوەی شەھیدبوونی باوکی کاری تێنەکات".

ئێستا بەرپرسیارێتی خانەوادەکەی ھاوار، لەئەستۆی رۆشنایە، ئەوەش وەک خۆی دەڵێت، کارێکی ئاسان نییە، "بەتایبەتی لەم رۆژگارە سەختەدا".

وتیشی،"بەڵام براکانم زۆر باشن بۆم و ھەمیشە پشتیوانیم دەکەن، دایکم لەدوای شەھیدبوونی ھاوسەرەکەم زۆر پشت و پەنام بوو، بەڵام بەداخەوە دوای ساڵێک ئەویش کۆچی دوایی کرد. لەوەتەی ھاوار شەھیدبووە بێ ھیوا بووم، لەئێستا تەنھا منداڵەکان و شێوازی پەروەردەکردنیانم بەلاوە گرنگەو ھەر بۆ ئەوان ئەژیم".

رائید عەدنان حەبیب، یاریدەدەری فەوجی یەکی لیوای نۆیە کە ماوەیەک شەھید ھاوار، لەگەڵیدا پێشمەرگەبووە، بەشداری ئەو ھێرشەی پێشمەرگەی کردووە، کە تێیدا ھاوار شەھیدبوو.

عەدنان بۆ خەندان، رووداوەکانی شەڕەکە و چۆنێتی شەھیدبووونی ھاواری باس کرد، بەوتەی ئەو، رۆژی ١٨-٣-٢٠١٥ لیواکەیان ھێرشیان بۆسەر داعش لە گووندەکانی عەتشانە و عوزێرییە لە میحوەری داقوق، دەستپێکردووەو رووبەڕووی بەرگرییەکی سەختی داعش بوونەتەوە.

عەدنان وتی"دوای ئەوەی لەگووندەکە نزیک بووینەوە، تیرۆریستانی داعش بەرگرییەکی تووندیان کرد، بەھاوەن و قەناس پێشمەرگەیان کردە ئامانج، ھێزی پشتیوانیشیان بۆ ھات، بۆیە تا دەھات بەرگرییەکەیان تووندتر دەبوو بەتایبەتی ھاوەنێکی زۆریان ئاڕاستەکردین".

وتیشی"لەئاکامی بۆردومانی ھاوەنەکاندا، ھاوار پارچەی ھاوەنی بەرکەوت بەداخەوە شەھید بوو، جگە لەشەھید ھاوار ئەفسەرێکیش بەپلەی موقەدەم شەھیدبوو".

"شەھید ھاوار، پێشمەرگەیەکی ئازا و بە دیسپلین بوو، کەسێکی دڵسۆز بوو بۆ ئەرکەکەی، مرۆڤێکی رەوشتبەرز بوو، ھەموومان خەمبار بووین بۆ شەھیدبوونی"عەدنان وای وت.

فەرھاد ٣٦ساڵ، برای شەھید ھاوار، بۆ دواجار ھەفتەیەک بەر لەشەھیدبوونی ھاواری لەماڵی خۆیان بینیوە، دەڵێت تامردن کاریگەری مردنەکەی لەسەر دەمێنێتەوە.

فەرھاد بۆ خەندان، وتی،"رۆژی پێش شەھیدبوونیشی دوای نیوەڕۆکەی بەتەلەفۆن قسەمان بەیەکەوە کرد و وتم، دەنگوباسی ئەوە ھەیە کە شەڕە لای ئێوە، نەخێر ھیچ نییەو بەیانی ئێمە دێینەوە، بەڵام بەداخەوە بۆ بەیانییەکەی شەھیدبوو".

"ئەو برا گەورەمان بوو، نێوانمان خۆش بوو، من دوکانی فیتەریم ھەیە زۆرجار ئەھات بۆلام بۆ دوکان، شەھیدبوونی ھاوار کارەسات بوو، ھەتا مردن کاریگەریی شەھیدبوونی ھەر دەمێنێت". فەرھاد وایوت.

ماڵی شەھید، لە گەڕەکی کەنەسوورە-ی شاری سلێمانییە، گۆڕەکەشی لە گۆڕستانی ئابڵاخ-ی ھەمان شارە، شەھید چوار برا و یەک خوشکی ھەیە.

نیشانەکردن :

#پێشمەرگە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP