ئەنجامی کۆبوونەوەی پەرلەمانتاران و کونسوڵخانەی ئەمەریکا لەسەر پارەی گەنمی جوتیاران

- 2/13/2018 5:08:00 PM 5757 جار خوێندراوەتەوە


خەندان–شەوکەت قادر 

پەرلەمانی کوردستان داوای لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان کرد، بۆ ئەوەی فشار لەسەر حکومەتی عێراق و حەیدەر عەبادی دروست بکات، بۆ ئەوەی پارەی گەنمی جوتیاران خەرج بکات ، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمان لەگەڵ بەرپرسی ئابوری و بازرگانی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ھەرێم کۆبونەوە .

غەریب مستەفا، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ئاودێری و بەنداوەکان، لە پەرلەمانی کوردستان، بەخەندان-ی راگەیاند،"لەسەر داواکاری ئێمە کە ھەفتەی پێشوو داواکاریەکمان تایبەت بە گەنمی جوتیاران ئاڕاستەی کونسوڵخانەی ئەمریکا کردبوو ، ئەمڕۆ لیژنەکەیان لەگەڵ بەرپرسی بەشی ئابوری کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان کۆبووینەوە".

کۆبوونەوەکە تایبەت بوو، بە پارەی گەنمی جوتیارانی کوردستان، لەلایەن حکومەتی عێراق پارەی چوار ساڵی گەنمی جوتیاران، بەسەر یەک کەوتووە و رێژەیەکی زۆری لەلایەن حکومەتی ناوەندی ماوە و نەدراوە بە جوتیاران، کە زیانێکی زۆری لەسەر بژێوی جوتیاران و بەرھەمی کشتوکاڵی دروست کردووە.

وتیشی بە وردی بابەتەکەمان بۆ شیکردنەوە کە پارەی ئەو چوار ساڵەی گەنمی جوتیاران چۆنە ، حکومەت بە نیازی چیە و ئەو بیانوانە چین کە حکومەتی ناوەندی بەکاریھێناون بۆ ئەوەی پارەکە دوابخات.

"داوامان لێکردن لە رێگەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا فشار لەسەر حکومەتی عێراقی و خودی حەیدەر عەبادی دروست بکەن بۆ ئەوەی پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان خەرجبکات ، ئەوانیش بەڵێنی ئەوەیان دا ھەمو توانایەکیان بخەنەگەڕ"غەریب مستەفا وای وت.
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP