پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ كۆدەبێتەوە

- 2/12/2018 8:12:00 AM 11413 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە كۆدەبێتەوە، بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژە یاسای میلاكاتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و چەند پڕۆژە یاسایەكی دیكە.

تەلار لەتیف، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەخەندان-ی راگەیاند، "ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازدەكات و لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر چەند پڕۆژە یاسایەك دەكرێت".

ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەو پڕۆژە یاسانەی گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت پڕۆژە یاسای زیادەڕەویكردن لەسەر موڵكی دەوڵەت و پڕۆژەی هەمواری یاسای میلاكاتی فەرمانبەران و بەركاركردنی یاسای رێگریكردن لە بازرگانی بە مرۆڤ، كە ساڵی 2013 لە عێراق دەرچووە".

تەلار لەتیف وتیشی، "هەمواری یاسای میلاكاتی فەرمانبەران تایبەتە بە پێدانی ناونیشانی وەزیفی بەو كەسانەی كۆلێژی زانستە سیاسیەكانیان تەواوكردووە، لەعێراق ئەو ناونیشانەیان پێدراوە، بەڵام لە هەرێم تا ئێستا یاسایەك نەبووە".


تەلار لەتیف ئەوەشی وت، "دوای دەرچوونی یاساكە هاوشێوەی دەرچووانی كۆلێژەكانی دیكە ناونیشانی وەزیفیان پێدەدرێت".

كۆبوونەوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان لەكاتێكدایە شەوی رابردوو شاندێكی پەرلەمانی كوردستان گەیشتە عەفرین بۆ بەدواداچوونی دۆخی هاوڵاتیان دوای لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP