"فەڕەنسا ھەوڵی وەستانی شەڕ دەدات"
وەزیری بەرگری کانتۆنی عەفرین بۆخەندان: لە ٣٦٦گوند، تورکیا یەک گوندیشی داگیرنەکردووە
-
1/27/2018 5:30:00 PM
49176 جار خوێندراوەتەوە
خەندان-ئەحمەد مستەفا
وەزیری بەرگری کانتۆنی عەفرین، رایدەگەیەنێت، لە ٣٦٦گوندی کانتۆنی عەفرین سوپای تورکیا نەیتوانیوە ھیچ گوندێکیان "داگیرکات" و تائێستاش شەڕڤانان بەرگری لە عەفرین دەکەن.
بەھجەت عەبدۆ، وەزیری بەرگری کانتۆنی عەفرین، لەم چاوپێکەتنەدا لەگەڵ خەندان، باس لەوەدەکات، سوپای تورکیا ١٠٠کوژراوی ھەیەو ١١ سەربازیشیان دەستگیرکراون.
خەندان: سوپای تورکیا بەردەوامە لە ھێرشەکانی شەڕڤانان، ئێستا لەچ حاڵەتێکی شەڕدان؟
بەھجەت عەبدۆ: سوپای تورکیا بەردەوامە لەھێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی بۆسەر کانتۆنی عەفرین و شەڕڤانان و ھێزەکانی سوریای دیموکرات، بەردەوامن لەپاراستنی کانتۆنەکە و شەڕو پێکدادانێکی قورس لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ ھەیە.
خەندان: سوپای تورکیا توانیویەتی ھیچ ناوچەیەکتان بگرێت؟
بەھجەت عەبدۆ: لە ٣٦٦ گوندی سەر بەکانتۆنی عەفرین، سوپای تورکیا نەیتوانیوە یەک گوندیش داگیربکات، ھەفتەیەکە ھەوڵدەدات ناوچەی ڕاجۆ داگیربکات و نەیتوانیوە، و ھەندێکجار شەڕڤانان بۆ تاکتیکی سەربازی لەھەندێک ناوچە دەکشێنەوە و پاش وەشاندنی گورزی سەربازی لە سوپای تورکیا دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
خەندان:زیانەکانی سوپای تورکیا چین؟
بەھەجەت عەبدۆ: زیاتر لە ١٠٠سەربازی سوپای تورکیا کوژراون و تا ئێستاش ١١ دیلی سەربازی تورکیا لەبەردەست ھێزەکانی یەپەگە و ھێزەکانی سوریای دیموکرات و یەپەژە ھەیە و تا ئێستاش توانراوە ٦ تانکی سوپای تورکیا بتەقێنرێتەوە لەلایەن ھێزەکانمانەوە.
خەندان: ھیچ ھەوڵێکی نێودەوڵەتی ھەیە و بۆ پاراستن یاخود ڕاوەستانی شەڕ لە عەفرین؟
بەھجەت عەبدۆ: تا ئێستا ڕژێمی سوریا ھیچ ھەڵوێستێکی بەرامبەر بە سوپای تورکیا نەنواندووە، لە کاتێکدا خواستی داگیرکردنی ھەرێمێکی ھەیە، لەوڵاتەکەی و لەماوەی ٦ساڵی ڕابردووشدا ھاوکاری، ھێزەکانمان و قەوارەی سیاسی کانتۆنەکان نەبووە، ھێزەکانی دیکەش لەبەرژەوەندی دەگەڕێن، بەڵام ئەوەندەی زانراوە فەڕەنسا ھەوڵی ڕاوەستان یان نێوەندگیری دەستپێکردووە.
خەندان: ھێزە سیاسی و حزبەکانی باشووری کوردستان ھاوکاری ئێوەیان کردووە؟
بەھجەت عەبدۆ: تا ئێستا ھیچ حزبێک لە باشووری کوردستان بەھێز و چەک ھاوکاری پێشکەش بە عەفرین نەکردووە و ئێمەش ڕەچاوی بارودۆخی باشوورمان کردووە، بەڵام ئاگاداری ئەو پشتیوانیانەین کە خۆپیشاندان بۆ بەرگی و پاراستنی عەفرین ڕێکدەخەن.
