ھەڵوێستی پەکەکە لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆسەر شەنگال
وتەبێژی کەجەکە بۆ خەندان: پەکەکە لەبەرامبەر ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین بێدەنگ نابێت

- 1/23/2018 12:50:00 PM 19526 جار خوێندراوەتەوە
سەرحەد وارتۆ

خەندان- سولین عەلی

سەرحەد وارتۆ، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەی لێدوانەکانی مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆسەر شەنگال رایگەیاند، "دژایەتی کورد و خەڵکی ئێزیدی لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە، بەڵکو دەبێت کورد و عەرەب لە دژی داگیرکەری تورکیا یەکبگرێن".

سەرحەد وارتۆ، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەخەندان-ی راگەیاند، "ئەگەر ھەرجوڵەیەکی بەو شێوەیە لە دژی خەڵکی ئێزیدی بکرێت، ئێمە وەکو پەکەکە بۆ ھەموو بژاردەکان ئامادەین".

لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین سەرحەد وارتۆ وتی، "پەکەکە لەبەرامبەر ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین بێدەنگ نابێت".
وتەبێژی کەجەکە وتیشی، "تورکیا دوژمنایەتی کورد دەکات و دەخوازێت ھەموو ھێزی ناوچەکە و نێودەوڵەتی بەشداری بکات لەو سیاسەتەی خۆی لە دژی کورد، بەڵام ھەندێک وڵات بەشدارنابن لەو سیاسەتە،".

دەشڵێت، "ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە وتەی چاوشئۆغلو نییە، چونکە ئامانجی تورکیا ئەوەیە کورد و عەرەب رووبەرووی یەکتربکاتتەوە، بۆیە ئێمە باوەڕناکەین عێراق لەگەڵ تورکیا لە دژی خەڵکی کوردستان و ئێزیدییەکان لە شەنگال رێکبکەوێت".

ئەو تانەی سەرحەد وارتۆ لەوەڵامی لێدوانێکی مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا ھات کە رایگەیاندبوو، "لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیبراھیم جەعفەر وەزیری دەرەوەی عێراق باسی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنیان کردووە بۆ سەر شەنگال".

وتەبێژی کەجەکە ئەوەش خستەڕوو، "لە جیاتی رێککەوتنی عێراق و تورکیا لە دژی کورد پێویستە کورد و عەرەب لە دژی داگیرکەری تورکیا و بیری عوسمانی رێکبکەون، ئەگەریش جوڵەیەکی بەو شێوەیە لە دژی خەڵکی ئێزیدی بکرێت ئێمە وەکو پەکەکە بۆ ھەموو بژاردەکان ئامادەین".

لە بارەی ھەڵویستی پەکەکە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین سەرحەد وارتۆ وتی، "ھەڵوێستی ئێمە لە بواری نیشتیمانیدا دیارەو دۆزی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان وەکو یەک دەبینین، ھەر ھێرشێک بۆ سەر ھەر ناوچەیەکی کوردستان ئێمە لە دژی دەوەستین".

رونیشکردەوە، "لەکاتی ھێرشی داعش بۆ سەر کۆبانی پشتیوانیمانکرد و ئێستا لە عەفرین شەڕڤانانی یەپەگە و ھێزەکانی سوریای دیموکرات و خەڵکی عەفرین بەرگری ھێرشی تورکیا دەکەن، ئێمە وەکو پەکەکە ئامادەین بە ھەموو شێوەیەک پشتیوانی تیکۆشانی عەفرین بکەین".

20ی ئەم مانگە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا بۆسەر کانتۆنی عەفرین دەستیپێکردووەو تورکیا دەیەوێت کۆتایی بەدەسەڵاتی یەپەگە بھێنێت لە کانتۆنی عەفرین.

لەبارەی شێوازی پشتیوانی پەکەکە بۆ عەفرین سەرحەد وارتۆ دەڵێت، "ئێمە لە شەڕداین  لەگەڵ دەوڵەتی تورکیاو ئاستی شەڕکردنمان لە دژی تورکیا لە ھەموو ناوچەکانی راگەیاندووەو لە عەفرینیش شەڕ دژیان دەکەین".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP