"بەدوو مەرج لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنداین"
عومەر محەمەد: سەرجەم ئەندامانی سەركردایەتی و جێبەجێكردنی یەكگرتوو دەستیان بۆ كشانەوە بەرزكردەوە

- 1/17/2018 5:22:00 PM 9269 جار خوێندراوەتەوە
عومەر محەمەد

خەندان – ئەحمەد مستەفا

عومەر محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت، سەرجەم  ئەندامانی سەركردایەتی و جێبەجێكردنی حیزبەكەی دەستیان بۆ كشانەوە بەرزكردووەتە لە حكومەت-دا و دەشڵێت "پێویستە حكومەت لە كشانەوەی لایەنە سیاسییەكان لەكابینەی هەشت تێبگات".

عومەر محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو لەچاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ خەندان رایگەیاند، "پڕۆژەیەكمان دایە حكومەت كە باسی بژێوی هاووڵاتییان و چاكسازی و سیستمی موچە و بژێوی خەڵك بوو، بەڵام بەكردار هیچ هەنگاوێكیان نەنا بۆ ئەوەی پاساوێك بدات بە ئێمەو دڵی خەڵك خۆشبكات و دەرفەتێك بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی لە حكومەت بمێنینەوە".

خەندان: كشانەوەتان لە حكومەت چ كاریگەرییەكی لەسەر كارەكانی حكومەت دەبێت؟

عومەر محەمەد: دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان هەست بەكاریگەری كشانەوەی لایەنەكان لە كابینەی هەشت بكات، لە كاتێكدا ئێمە كە چووینە حكومەتەوە بە پڕۆژەیەكی چاكسازییەوە چووین، بەڵام جێبەجێ نەكراو هۆكاری هاتنە دەرەوەشمان لە حكومەت زۆربوون، لەگەڵ ئەوەشدا باری دارایی حكومەت و شەڕی داعش هەبوون بۆیە نەدەكشاینەوە، ئێمە بەڵێنەكەی خۆمان بەجێگەیاند و نەمانتوانی لەناو حكومەت بمێنینەوەو بڕیاری كشانەوەماندا.

خەندان: چیتان لە كشانەوە لە حكومەت دەستدەكەوێت؟

عومەر محەمەد: ئێمە ڕاستگۆبووین لەگەڵ خەڵك، خەڵكانێك هەبوون دەیانووت یەكگرتوو بڕیاری بۆ نادرێت و دوای پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە بە بازنەی ئەودا دەسوڕێتەوە، بەڵام ئێمە بەو بڕیارە هەموو ئەو دەنگۆیانەمان ڕەتكردەوە، دەركەوت یەكگرتوو وانییە كە شتێكی ویست دەیكات، بەكشانەوە لە حكومەت ئەوەمان سەلماند و پێمان وتن یەكگرتوو یەكگرتوویەكی سەرتاسەرییە و وازمان لە هەموو ماف و ئیستحقاقاتی خۆمان لە حكومەت هێنا.


خەندان: حكومەت نەیدەتوانی هیچ خاڵێك لە داواكانی ئێوە جێبەجێ بكات؟

عومەر محەمەد: پڕۆژەیەكمان دایە حكومەتی هەرێم كە تێیدا باسی بژێوی هاووڵاتیان و چاكسازی و سیستمی موچە و بژێوی خەڵكمان كردبوو، بەڵام بەكردار هیچ هەنگاوێكیان نەنا بۆ ئەوەی پاساوێك بدات بەئێمە و دڵی خەڵك خۆشبكات و دەرفەتێك بدات بە ئێمە لە حكومەت بمێنینەوە.

خەندان: بڕیاری كشانەوە لە حكومەت ڕای هەموو یەكگرتوو بوو؟

عومەر محەمەد: لەدوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو بە تێكڕای دەنگ بڕیاری كشانەوەمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستانداو سەرجەم  ئەندامانی سەركردایەتی و جێبەجێكردنی یەكگرتوو دەستیان بۆ كشانەوە بەرزكردەوە، ئەندامانی پەرلەمانیش پشتگیری بڕیارەكە بوون، ئەوەش یەكەمجارە بڕیارێكی لەو شێوەیە لەناو یەكگرتوودا بدرێت، هەروەها ئەمڕۆش وەزیرەكانمان ئیستیقالەیان پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران كردووە.

خەندان: هەموو كادرانی یەكگرتوو لە ناوچە جیاجیاكان لەگەڵ كشانەوە بوون؟

عومەر محەمەد: بادینان و سۆران پێكەوە بەیەك دەنگ بڕیاری كشانەوەیان داوە، هەرچەندە بڕیارێكی ئاسان نەبوو بەتایبەت بادینان كە یەكگرتوو دەنگێكی زۆری هەیە و لەگەڵ ناوچەكانی دیكە دۆخێكی تایبەت تری هەیە بۆ یەكگرتوو، بەڵگەش ئەوەیە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی بە نیگەرانكەر دەزانێت.

خەندان: یەكگرتوو لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە ئێستادا؟

عومەر محەمەد: پەرلەمان لەسەرچی كۆكبێت پێوستە لەو كاتەدا بكرێت و هەڵبژاردن لەكاتی یاسای خۆیدا بكرێت، بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە نایاساییە تێپەڕێنین، ئەوەش بە دوو مەرج، یەكەمیان بەكارهێنانی ئامێری ئەلكترۆنی بۆ ڕێگریكردن لە ئەنجامدانی ساختەكاری، كە ئێستا لە بەغدا بەكاردەهێنرێت، دووەمیان پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران كە ناوی دووبارە و مردووی تێدایە و پێویستە پاكبكرێتەوە، هەركاتێك ئەوە ئەنجامدرا ئەوە یەكگرتوو لەگەڵ ئەنجامدان هەڵبژاردندایە.

خەندان: كاره‌كانی هاوپەیمانی و گۆڕان و كۆمەڵ چۆن هەڵدەسەنگێنن بۆ دروستكردنی لیستی هاوبەش لەناوچە جێناكۆكەكان؟

عومەر محەمەد: ئەوەی تا ئێستا لای یەكگرتوو كاری لەسەردەكرێت بۆ هەرێمی كوردستان بە لیستی سەربەخۆ ئەچینە هەڵبژاردنەكانەوە، بەڵام بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان لیستی هاوبەش ڕێگە چارەیەكی گونجاوە تا هەموو كورد پێكەوەبێت و سەنگ و قورسایی لەو ناوچەنە پارێزراوبێت.

خەندان: دەچنە ناو لیستی نیشتیمان كە هاوپەیمانی و گۆڕان و كۆمەڵ پێكیانهێناوە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان؟

عومەرمحەمەد: داوامانكردووە بەیەكەوە بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەین، تا ئێستا دەرفەت ماوە ئەگەر ئەو كارە سەركەوتووبێت ئەوە كارێكی زۆرباش دەبێت، لە ئەگەری ڕێكنەكەوتنی هاوبەشی یەك لیست، ئەوا بەسەربەخۆیی بەشدار دەبین، بەڵام لە هەمانكاتدا ئەگەرەكان كراوەن بۆ بڕیاری یەكگرتوو.


نیشانەکردن :

#یەکگرتووی ئیسلامی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP