بەپەلە

وتەبێژی حكومەتی عێراق: لەمقۆناغەدا گفتوگۆ سیاسی‌و حكومییەكانی هەرێم‌و عێراق لەئاستی باڵادا سەركەوتوو نابێت

- 1/14/2018 11:20:00 AM 6994 جار خوێندراوەتەوە
سەعد حەدیسی

خەندان-

وتەبێژی حكومەتی عێراقی رایدەگەیەنێت، دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ سیاسییە باڵاكانی نێوان حكومەتی عێراق و هەرێم "لەم كاتەدا هیچ ئاماژەیەكی تێدا نیە" بۆ چارەسەركردنی ناكۆكیەكانی نێوان هەردوولا، بەڵام كاری ئەو لیژنە هونەریە هاوبەشانە ئەگەر هەوڵی سەركەوتنیان بدەن "ڕەنگە ببێتە دروستكردنی كەشوهەوایەكی گونجاو" بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەسەر ئاستی باڵا.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی حكومەتی عێراقی لەبارەی چوونی شاندی سێ لایەنی هەرێم (هاوپەیمانی و گۆڕان و كۆمەڵ) بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند، "ئەو شاندەی هاتبوونە بەغدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لەچەند تەوەرێك كرا لەوانە پڕۆسەی وردبینی كردنی ناوی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، تا لەزووترینكاتدا فەرمانبەران لە هەرێم مافی خۆیان كە موچەكانیانە پێبگات".

وتیشی، "بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بەكاری هاوبەشی هەردوولایە لەسەر ئاستی لیژنە هونەرییەكانی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم، تا لەزووترینكاتدا ئەو پڕۆسەیە تەواو بێت".

3ی ئەم مانگە، شاندێكی هاوپەیمانی دیموكراسی دادپەروەری و بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی سەردانی بەغدایان كردو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومی و حیزبی كۆبوونەوە.

سەعد حەدیسی وتیشی، "لەكۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ئەو سێ لایەنە باس لەچەند ناردن و خەرجی جوتیارانی هەرێمی كوردستان كرا، هەروەها باس لەكۆتایی هێنان بەكێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێم كرا لەژێر ڕۆشنایی دەستور".

دوێنێ شەممە، شاندێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بەسەرۆكایەتی كەریم سنجاری سەردانی بەغدای كردو لەگەڵ شاندێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكە سەعد مەعن، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "كۆبوونەوەكە بەرهەمداربووە".

لەبارەی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەنێوان عێراق و هەرێم لەئاستی باڵادا حەدیسی وتوویەتی، "دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ سیاسییە باڵاكانی نێوان حكومەتی عێراق و هەرێم "لەم كاتەدا هیچ ئاماژەیەكی تێدا نیە" بۆ چارەسەركردنی ناكۆكیەكانی نێوان هەردوولا، بەڵام كاری ئەو لیژنە هونەریە هاوبەشانە ئەگەر هەوڵی سەركەوتنیان بدەن "ڕەنگە ببێتە دروستكردنی كەشوهەوایەكی گونجاو" بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەسەر ئاستی باڵا.

رونیشیكردەوە، "ئێمە كۆبوونەوەی كاری هاوبەشمان هەیە لەسەر ئاستی شاندی ئەمنی، كە لەماوەی ڕابردوودا ئەو كۆبوونەوانە ئەنجامدرا بۆ یەكلایكردنەوەی دۆسیەی ئاسایش و ئاسایشی سنورەكان، ئەوەش بەهاوبەشی هەردوو شاندی هاوبەشی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم ئەو ئاسایشی سنوورە بەدەستهات".

"نامانەوێت ئەو كێشە ناوخۆییانە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر هاوڵاتیان هەبێت بەتایبەت فەرمانبەران، دەمانەوێت هەرچی زووە كاری وردبینی لیژنە هاوبەشەكان تەواو بێت لەو ڕوەوە"، سەعد حەدیسی وایوت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP