سوتاندنی دەیان فەرمانگەی حوكمی لە خۆپیشاندانەكاندا مامەڵەی بەشێك لە هاوڵاتیانی راگرتووە

- 1/13/2018 3:45:00 PM 6907 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- سالار محەمەد 

بەهۆی خۆپیشاندانەكانی مانگی (كانوونی دووەم/12)ی ساڵی ڕابردووەوە، دەیان فەرمانگە لەناحیەی تەقتەق و شارۆچكەی پیرەمەگرون سوتێنران، تا ئێستاش ئەو فەرمانگانە دەستیان نەكردووەتەوە بە كارەكانی خۆیان.

18ی (كانوونی دووەم/12)ی ساڵی رابردوو، خۆپیشاندان لەبەشێك لەشاروشارۆچكەكانی هەرێم بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران داوای پێدانی موچەكانیان و گۆڕینی سیستمی حوكمڕانیان دەكرد لەهەرێمدا.

سیروان سەرحەد خەلیفە، بەڕێوەبەری شارۆچكەی پیرەمەگرون، لەلێدوانێكدا بەخەندان-ی ڕاگەیاند، لە خۆپیشاندانی ساڵی رابردووی شارۆچكەكەیاندا پێنج فەرمانگەی حكومی لەلایەن هاوڵاتیانەوە سوتێنران، بەهۆی ئەو پەلاماردانانەوە سەرجەم پێداویستی و كەلوپەلەكانی ناو فەرمانگەكان سوتاون و ئەمەش بووەتەهۆی ڕاگرتنی ئیشوكارەكان لەو سنوورە.

هەریەكە لە فەرمانگەكانی بەڕێوەبەراتی ناحیە و فەرمانگەی دارایی و بەشی خۆراك لە بەرێوەبەرایەتی و بنكەی پۆلیسی هاتوچۆ، و ئاسایش سوتێندراون، ئەوە جگلەوە بارەگای هەموو حیزبەكان لەو شارۆچكەیە سوتێندران. 

هەوڵمان داوە بۆ ئەوەی ئیش و كارەكان بخەینەوە سەرپێی خۆی

 بەڕێوەبەری شارۆچكەی پیرەمەگرون وتیشی، "ئێمە هەوڵمان داوە بۆ ئەوەی ئیش و كارەكان بخەینەوە سەرپێی خۆی، نوسراومان كردووە بۆ پارێزگای سلێمانی بۆ دیاریكردنی لیژنەیەك بۆ زەرەرو زیانەكان و دابینكردنی پێداویستەیەكان، هەفتەی ڕابردووش سەردانی وەزیری دارایی هەرێمان كردووە، بۆ ئەوەی رەزامەندی نیشانبدات لەسەردابینكردنی پێداویستیەكان بۆئەوەی دەستبەكارەكان بكەینەوە، بەخۆشحاڵییەوە وەزیر ڕەزامەندی لەسەر داواكاریەكەمان دەربری."

ئەوەی هاوڵاتیان كردیان  لە سنووری شارۆچكەی پیرەمەگرون زەرەر و زیانیان لەخۆیانداوە

ئەوەشی وت، " ئەوەی هاوڵاتیان كردیان  لە سنووری شارۆچكەی پیرەمەگرون زەرەر و زیانیان لەخۆیانداوە، پێش هەمووشتێك فەرمانگەی حكومیان سوتاندووە، ماڵی خۆیانیان سوتاندووە زیانیان بەكاری هاوڵاتیان گەیاندووە، بۆ نموونە چەندین ماڵی ئاوارە سەردانی ناحیەیان كردوە بۆ ئەوەی كارەكانیان بۆ جێبەجێبكەین بۆئەوەی بگەرێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان بەڵام بەهۆی سوتانی بەراییەكانی مامەڵەكانیانەوە، نەمان توانیوە كارەكانیان بۆ تەواوبكەین. "

لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كۆتایی بە ناڕەزاییەكانی خەڵك هێنرا

دوای چەند رۆژێك لە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كۆتایی بە ناڕەزاییەكانی خەڵك هێنرا، هاوكات "بەگولەی هێزە ئەمنییەكان" سێ كەس شەهیدكران و زیاتر لە 130 كەسی دیكەش برینداربوون.

لەلایەكی دیكەوە حاكم عومەر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی تەق تەق، بە خەندان-ی راگەیاند، "لەخۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوودا شەش فەرمانگەی حكومی سوتان".

ئاماژەی بەوەشكرد، هەریەكە لەبیناكانی دادگای تەقتەق، بینای سەرۆكایەتی شارەوانی و بینای فەرمانگەی كارەبا لەگەڵ بینای پۆلیس و بینای هۆبەی كشتوكاڵی، كە" ئەو بینایانە بەتەواوی هەموویان نەسوتان، بەڵام بەشێكی زۆریان سوتاون زیاتر هۆبەی كشتوكاڵی و سەرۆكایەتی شارەوانی تەق تەق ئیش وكارەكانیان راوەستابوو."

شەش فەرمانگەی حكومی له‌ تەق تەق سوتێندران

بەڕێوەبەری ناحیەی تەق تەق وتیشی، "ئێستا فەرمانگەكانی دیكەی وەك دادگای تەق تەق، بینای دیكەیان بۆدابین كراوە، دەستیان بەكاركردووەتەوە، هەروەها بینای فەرمانگەكانی دیكە چاكراونەتەوە، ئێستا كاركردن تیایاندا دەستی پێكردووەتەوە، جگە لەو كەیسانەی وەك نەخشەی بنەرەتی و نەخشەكانی كە پێویستە لە فەرمانگەكان هەبێت ئەوانە دواتردەبێت لەرێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكانەوە لە هەولێر، وەربگیرێنەوە ئیش كاری هاوڵاتی تیادابەرێبكەن".

دوای دوو رۆژی لەبەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكان لەبەشێك لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، "دەستێكی تێكدەر هەیە دەیەوێت داواكانی خۆپیشاندەران بەلاڕێدابەرێت".

نەمانتوانیوە هیچ كارێك بكەین بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانەكان 

بەڕێوەبەری ناحیەی تەق تەق رونیشكرده‌وه‌، "بەهۆی ئەوەی ناحیەكەمان پەیوەستە بە قەزای كۆیەوە نەمانتوانیوە هیچ كارێك بكەین بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانەكان لەبەرئەوەی بینای قایمقامیەتی كۆیەش لەخۆپشاندانەكاندا سوتێنرا، تەنها ئەوەندە هەیە بەتەلەفۆن پەیوەندیكراوە، ئێمە خۆمان لیژنەیەكمان لەئەندازیاران و نوێنەری فەرمانگەكان پێكهێناوە،  بۆ ئەوەی هەم خەمڵاندن بۆ زەرەر و زیانەكان بكرێت، هەم دەرخستەش بۆ نۆژەنكردنەوەی بیناكان بكرێت".


نیشانەکردن :

#خۆپیشاندان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP