بەپەلە

باڵیۆزی ئێران لە عێراق: لە هەوڵداین بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەنێوان هەولێر و بەغدا

- 1/13/2018 2:57:00 PM 2719 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- خۆشناو حسێن

ئیرج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق رایگەیاند، پەیوەندیان لەگەڵ كوردەكانی هەرێمی كوردستان "زۆر بەهێز و مێژووییە" و لە ئێستادا لە هەوڵداندان بۆ دروستكردنی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا، كە لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت.

ئەمڕۆ شەممە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئیرج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق جەختی لەوەكردەوە، "ئێران هاوكاری لە ئاوەدانكردنەوەی عێراق دەكات و پەیوەندی باش و ناوازەمان هەیە لەگەڵ عێراق، لە هەموو بوارەكانی سیاسی و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتییەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "پەیوەندی باشمان لەگەڵ هەموو حیزبە عێراقیەكان هەیە، هاوكات پەیوەندی زۆربەهێز و مێژووییمان هەیە لەگەڵ كوردەكان، لەم قۆناغەی ئێستادا هەوڵ بۆ دروستكردنی پەیوەندی نێوان هەولێر بەغدا دەدەین، كە لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت".

پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی گرژی زیاتری بەخۆوە بینی، دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان لە 25ی مانگی (ئەیلول/9)ی ساڵی رابردوو.

لەبارەی مامەڵەی بازرگانی لە نێوان ئێران و عێراقدا، ئیرج مەسجدی ئاماژەی بەوەشكردووە، "لە دەرەوەی بازرگانی نەوت و غاز رێژەی بازرگانی گەیشتووەتە نزیك 7 ملیار دۆلار، لەگەڵ نەوت و غازدا گەیشتووەتە 12 ملیار دۆلار".

ئەوەشی خستەڕوو، "ئێران دووەم هاوبەشی ئابووری عێراقە دوای چین، رێككەوتنی جۆارجۆر لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە لە بواری بەرگری و كشتوكاڵ و كەرتی تایبەتدا".

باڵیۆزی ئێران لە عێراق باس لەوەشكرد، پێنج كونسوڵیان هەیە لە هەولێر و سلێمانی و نەجەف و بەسرە و كەربەلا، هەروەها باڵیۆزخانەیان لە بەغدا هەیە، وتی، "لە هیچ وڵاتێكی جیهاندا ئەو ژمارە نوێنەرایەتییە نیە". 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP