بەپەلە

"وردبینی لە لیستی موچەی فەرمانبەران تەنها بیانووە"
ئارێز عەبدوڵا: عەبادی نایەوێت گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم بكات

- 1/13/2018 12:47:00 PM 16121 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- كاروان مەسعود

ئارێز عەبدوڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، حەیدەر عەبادی "نایەوێت گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم بكات، دەیەوێت ئێسك و پروسكی حكومەتی هەرێم تێك بشكێنێت".

ئەمڕۆ لە لێدوانێكدا ئارێز عەبدوڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بەخەندان-ی راگەیاند، "حەیدەر عەبادی نایەوێت لەگەڵ هەرێم دابنیشێت و گفتوگۆ بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا، بەڵام ئێستا شەقامی عێراقی پێیان وایە بە دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم باڵانسی حكومەتی ناوەند بەرزدەبێتەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "حەیدەر عەبادی بە جۆرێك لە خۆبایی بووە، پێی وایە زیاتر دەیەوێت ئێسك و پروسكی حكومەتی هەرێم تێك بشكێنێت".

ناكۆكییەكانی هەرێم و بەغدا دوای ئەوە هات كە ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان بەڕێوەچوو، تێیدا لەسەدا 92.73ی بەشداربووانی راپرسییەكە بە "بەڵێ" دەنگیان بۆسەربەخۆیی هەرێمی كوردستاندا.

ئارێز عەبدوڵا لەبارەی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەوەشی وت، "حەیدەر عەبادی هەفتانە دەڵێت موچە دەنێرین و وردبینی دەكەین، بەڵام ناینێرێت، بۆیە پێمان وایە بابەتی وردبینی تەنها بیانووە بۆ نەناردنی موچە و هیچ روونییەك لە بابەتی ناردنی موچە نابینین، چونكە ئەگەر مەسەلە ووردبینیە ئاوا وەزارەتەكانی ناوەندیش پێویستیان بە ووردبینیە"

لەبارەی راگرتنی كۆمپانیا كار كە كۆتایی هەفتەی رابردوو پەرلەمانیدا كارەكانی ئەو كۆمپانیایە لەكەركوك رابگرێت، ئارێز عەبدوڵا وتی، "راگرتنی كارەكانی كۆمپانیای كار كارێكی باش نەبوو، بە بەغدامان وتوە كە دوو پاڵاوگەی گەورە لە كوردستان لەكاردەكەون، ئەوەش وادەكات ئەو بەنزینەی كە هاوردەدەكرێت گران لە سەر حكومەت بكەوێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP