"بەغدا و هەولێر دەیانەوێت نێوەندگیریان بكەین"
وەزیری دەرەوەی توركیا: خوا یاربێت رۆڵێكی گرنگ دەبینین لە چارەسەركردنی ئەو كێشەیەدا

- 1/13/2018 11:33:00 AM 3690 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، بەغداو هەولێر "دەیانەوێت نێوەندگیریان بكەین" بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم.

ئەو وتانەی مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا لەمیانی سەردانێكیدا هات بۆ ئەمەریكا، ئەوە لەكاتێكدایە بڕیارە 21ی ئەم مانگە سەردانی بەغدا بكات، لەبارەی كێشەكانی هەرێم و بەغداوە.

لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان چاوشئۆغڵو رایگەیاند، "ئیدارەی هەرێم هەڵەیەكی جددی كرد، بەڵام لە هەڵەكەی تێگەیشت".

25ی مانگی (ئەیلول/9)ی ساڵی 2017 ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان بەڕێوەچوو، لەسەدا 92.73ی هاوڵاتیان بە "بەڵێ" دەنگیان بەسەربەخۆی هەرێمی كوردستاندا، بەڵام هیچ پشتیوانییەكی لەئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ دروستنەبوو، بەڵكو دژایەتیشی كرا.

چاوشئۆغڵو ئەوەشی وت، "سەقامگیری و یەكپارچەیی عێراق بۆ ئێمە گرنگە، 21ی ئەم مانگە دەچمە بەغدا، خوا یار بێت توركیا رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە چارەسەركردنی ئەو كێشەیەدا".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP