بەپەلە

"كورد ئێستا ئەو یاریكەرە بەهێزە نییە هەمان كاریگەری پێشووی هەبێت"
فریاد ڕەواندزی: هیچ ئاماژەیەكی فەرمی بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لە نێوان هەولێر و بەغدا نیە

- 1/8/2018 9:39:00 AM 5869 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فریاد ڕەواندزی، وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری حكومەتی عێراق رایگەیاند، دەستپێنەكردنەوەی گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا بەشێكی زۆری پەیوەندی هەیە بەحكومەتی عێراقیەوە، "بەڵام تا ئێستا كورد خۆشی ئامادەنیە بۆ ئەو گفتوگۆیانە، هیچ ئاماژەیەكی فەرمیش بۆ دەسپێكردنەوەی گفتوگۆكان نیە".

فریاد ڕەواندزی، وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار لە حكومەتی عیراق بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند، "تا ئێستا كورد خۆشی ئامادەنیە بۆ ئەو گفتوگۆیانەی نێوان هەولێر و بەغدا و كورد یەكگرتوو نیە، هەندێك لایەن لەناوخۆی هەرێمدا گومانیان خستووەتەسەر شەرعیەتی هەرێمی كوردستان، ئەوەش بووەتە بیانویەك بەدەست حكومەتی عێراقیەوە تا گفتوگۆكان دوابخات، یان بڵێت تا ئێستا ئەم حكومەتە لەناوخۆی خۆی یەكگرتوو نیە".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "هیچ ئاماژەیەكی فەرمی بۆ دەسپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەنێوان هەولێر و بەغدا نیە، لەسەر ئاستی سیاسی و حكومی، ئەوەی كە هەیە گفتوگۆكانن لەسەر ئاستی هونەری هەندێك لە وەزارەتەكان سەبارەت بەلیستی موچەی فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتانە".

ئەو وتانەی فریاد ڕەواندزی لەكاتێكدایە كۆتایی هەفتەی رابردوو شاندێكی هاوپەیمانی دیمكراسی دادپەروەری و بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی سەردانی بەغدا-یان كرد، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومی و حیزبی كۆبوونەوەو "بەڵێنی وەرگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێم-یان وەرگرت".

ڕەواندزی ئەوەشی وتووە، "ئەگەر كورد بەم شێوازە پارچە پارچەیی و یەكنەگرتوویە بچێتە گفتوگۆكان بەلاوازی دێتە ناو گفتوگۆكان هیچ شتێكی وای دەستناكەوێت كە بتوانێت لەڕێگای گفتوگۆكان چارەسەری كێشەكانی پێ بكات، تەنانەت چارەسەری موچەش بەوجۆرە ناكرێت".

رونیشیكردەوە، "وابزانم هەرێم نەرمی زۆری نواندووە بۆ بەغدا، تا جارێك لە ئەنجومەنی وەزیران بووە مشتومڕم لەگەڵ دكتۆر حەیدەر عەبادی، كە ئەو لەوە زیاتر چی لە هەرێم دەوێت، بەڵام دیارە ئێستا عێراق خۆی بەسەركەوتوو دەزانێت، دەیەوێت بەرهەمی ئەو سەركەوتنانە لە هەرێم وەربگرێت و دەیانەوێت دەسەڵاتەكانی هەرێم زیاتر كەمبكەنەوە، بەڵام لەڕاستیدا دەبێت ئەوە بڵێم حەیدەر عەبادی ئامادەییەكی وای تێدا نیە كە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم بكات".

فریاد ڕەواندزی راشیگەیاند، "كورد ئێستا ئەو یاریكەرە بەهێزە نیە كە هەمان كاریگەری پێشووی هەبێت، ئەگەر هاتوو لەناوخۆی خۆی نەگەڕێتەوە دۆخێك كە بتوانێت بەهێز خۆی بنوێنێت ئەوا هیچ حیسابێك بۆ كورد ناكرێت."


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP