سەعد حەدیسی: حكومەتی عێراق پابەندە بە ناردن و گەیاندنی موچە بەفەرمانبەرانی ڕاستەقینەی هەرێم

- 1/5/2018 2:13:00 PM 18198 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەعد حەدیسی، وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند، حكومەتی ناوەندی عێراق پابەندە بە پێدانی موچە بەفەرمانبەرانی ڕاستەقینەی هەرێم، ئەو پڕۆسەی وردبینیەش كە لە لیستی ناوی فەرمانبەرانی هەرێمدا دەكرێت لەئەنجامدا بۆ دەستەبەركردن و پێدانی موچەیە بەو فەرمانبەرە ڕاستەقینانەی كە لەڕاستیدا دەوام لەیەكێك لەفەرمانگە حكومیەكاندا دەكەن.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی حكومەتی عێراق بەدەنگی ئەمەریكای رایگەیاندووە، "دوای پڕۆسەی وردبینی هەوڵدەدرێت میكانیزمێكی یاسایی و دەستوری بدۆزرێتەوە بۆ گەیاندنی موچە بەفەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان."

ئەو لێدوانەی حەدیسی لەكاتێكدایە دوێنێ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی هاوپەیمانی دیموكراسی دادپەروەری و بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند، "پابەندین بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شایستەداراییەكانی جوتیارانی هەرێم".

حەدیسی ئەوەشی وت، "ئەو پڕۆسەی وردبینیەی دەكرێت لە ئەنجامدا بۆ ئەوەیە كەموچە دابینبكەین بۆ ئەو فەرمانبەرانەی ڕاستەقینەن، نەك بۆ ئەو لایەن و كەسانەی كە ڕاستەقینە نین و شایستەنین كە خزمەتی حیزبی یا سیاسیان هەیە، بەڵام لە فەرمانگەیەكی حكومەتدا دەوام ناكەن".

حەدیسی وتیشی، "ماوەی سێ ساڵە حكومەتی ناوەندی پڕۆسەی وردبینیكردن و پێداچونەوەی بەناوی فەرمانبەرانی حكومەتی ناوەندی و تەنانەت حكومەتە خۆجێیەكان دەست پێكردووە، لە پڕۆسەی وردبینیدا كە كاری لیژنە هونەرییەكانە چەندەها ناوی وەهمی یاخود ناوی ئەو كەسانەی كەموچەیان لەدوو وەزارەت هەیە".

لەبارەی شێوازی پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سەعد حەدیسی وتی، "ئێستا باسی شێوازی گەیاندنی موچە بەفەرمانبەرانی هەرێم ناكەین، دواجار ئێمە دەمانەوێت موچە بدەینە فەرمنبەرانی ڕاستەقینە كە كار لەدامەزراوە و فەرمانگەیەكی حكومی هەرێمدا دەكەن، دوای پڕۆسەی وردبینیش هەڵدەستین بە دیاریكردنی شێوازی گەیاندنی موچەكان".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP