پەرلەمانتارێك: رێگاكە بووەتە بەرەی جەنگ
رێگای كەركوك- هەولێر زیاتر لە 75 رۆژە داخراوە

- 1/3/2018 7:34:00 PM 26215 جار خوێندراوەتەوە

خەندان - سیروان حەسەن

دوای زیاتر لە 75 رۆژ لە داخستنی رێگای نێوان كەركوك- هەولێر تا ئێستا رێگاكە نەكراوەتەوە، هەوڵەكانیش بۆ كردنەوەی شكستیانهێناوە، ئەوەش دوای ئەوەی چەندجارێك شەڕو رووبەرووبونەوە لە نێوان پێشمەرگەو هێزە عێراقییەكاندا روویدا لە 19ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوودا لە بازگەی پردێ.

16ی مانگی (ئۆكتۆبەر/10)ی ساڵی 2017 هێزە عێراقییەكان بەرەو كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان پێشڕەوییانكردو هێزەكانی پێشمەرگەش لەو ناوچانە كشانەوەو لەوكاتەشەوە رێگای سەرەكی نێوان كەركوك- هەولێر داخراوە.

پێشڕەوی هێزە عێراقییەكان دوای ئەوە هات ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان بەڕێوەچوو، كە لەسەدا 92.73ی بەشداربووانی راپرسییەكە بە "بەڵێ" دەنگیان بەسەربەخۆیی هەرێمی كوردستاندا.

محەممەد عوسمان، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق  بەخەندان-ی راگەیاند، زۆر هەوڵیانداوە بۆ كردنەوەی رێگای كەركووك - هەولێر، بەڵام "پارتی دیموكراتی كوردستان رازی نابێت بە كردنەوەی ئەو رێگایە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "هیچ بیانوویەك نییە بۆ ئەوەی ئەو رێگایە بە داخراوی بمێنێتەوە، چونكە وەكو هەمووان دەزانن رێگای كەركوك -سلێمانی كراوەیەو هیچ كێشەو گرفتێكیش نییە".

هاوكات شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەخەندان-ی راگەیاند، لە رێگەی هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراقەوە هەوڵیانداوە بۆ كردنەوەی ئەو رێگایە، بەڵام لەبەر ئەوەی رێگاكە بووەتە بەرەی جەنگ هەردولا رازی نین بەكردنەوەی.

ئاماژەی بەوەشكرد، "لە كاتی رێككەوتنی نێوان بەغداو هەولێر كردنەوەی ئەو رێگایەو هەر رێگایەكی دیكە كە داخراوە راستەوخۆ دەكرێنەوە".

رێگای كەركووك - هەولێر رێگایەكی سەرەكییە بۆ هاتوچۆكردنی هاوڵاتیان، داخستنیشی بووەتە هۆی نیگەرانی هاوڵاتیان، چونكە لە ئێستادا دەبێت بەرێگای سلێمانی- كۆیەو تەقتەق و رێگا شاخاویەكانی ئەو سنوورانەدا هاتووچۆ بكەن، سەرەڕای خراپی ئەو رێگایانە و هاوكات دووری رێگاكان.

هاوكات كاوێز مەلا پەروێز رۆژنامەنووس لە شاری كەركوك بە خەندان-ی راگەیاند، بەدواداچوونیان كردووە بۆ داخستنی رێگای كەركووك - هەولێر و "باشترە ئەو رێگایە بكرێتەوە، چونكە بووەتە ئەركێكی قورس و گران لەسەر هاتووچۆكارانی نێوان ئەو شارانەو لە راستیشدا هیچ گرفتێكی ئەو تۆ نییە كە رێگاكە نەكرێتەوە".

نیشانەکردن :

#هەولێر #کەرکوک

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP