هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

عەلی حەمەساڵح: فشارێكی زۆری نێودەوڵەتی هەیە بۆ رێككەوتنی بەغدا و هەولێر

- 1/1/2018 12:04:00 AM 15704 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- خۆزگە عزیز

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتار فراكسیۆن گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، "فشارێكی زۆری نێودەوڵەتی هەیە" بۆ رێككەوتنی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان.

عەلی حەمەساڵح بەخەندان-ی وت، "ئەگەر حكومەتی هەرێم ئامادەبێت داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەكان ڕادەستبكات حكومەتی عێراقیش خۆی پێداچوونەوە بە لیستی مووچە خۆراندا بكات، ئەوا حكومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت".

وتیشی، "دوای وەزارەتەكانی پەروەردەو تەندروستی وردبینی لەوەزارەتە مەدەنییەكانی دیكەدا دەكرێت لەلایەن بەغداوە".

 عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەشكرد، "ناردنی مووچە بەستراوەتەوە بەوەی كە چاكسازییەكی زۆر لە هەرێمدا بكرێت، چاودێری دارایی عێراقیش وردبینی لەو لیست و دۆسیانەدا بكات و چاودێرییان بكات".

حكومەتی‌ هەرێم تا ئێستا چەند جارێك داوای‌ لە بەغدا كردووە پێكەوە بەرێگەی‌ گفتوگۆ كێشەكانی‌ نێوانیان بەتایبەتی‌ كێشەكانیان لەسەر بودجە چارەسەر بكەن، بەڵام تا ئێستا بەغدا ئامادەیی نیشان نەداوە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق مەرجی هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان.

عەلی حەمەساڵح ئەوەشی خستەڕوو، "ناردنی موچەی وەزارەتەكانی پەروەردەو تەندروستی لەلایەن حكومەتی بەغداوە وەك نیاز پاكییەك دێت، ئەگەر كێشە دروستنەبێت و حكومەتی هەرێم  داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەكان ڕادەستی بەغدا بكات مووچەی وەزارەتەكانی دیكەش دەنێرێت".

ئاستی گرژییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان زیاتربوو، ئەوەش لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا ھەڵوێست و كاردانەوەی لێكەوتەوە، هەرچەندە چەند دەستپێشخەرییەكیش خرانەڕوو، بەڵام تائێستا گفتوگۆكان دەستپێنەكراونەتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP