وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان لە بارەی بڕینەوەی موچە بۆ كەسوكاری شەهیدانی خۆپیشاندانەكان بۆ خەندان دەدوێت

- 12/31/2017 10:50:00 PM 9497 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- سالار محەمەد   

وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم لە بارەی بڕینەوەی موچەی شەهید بۆ شەهیدەكانی خۆپیشاندانەكان رایدەگەیەنیت، "هەركەسێك داوابكات شەهیدەكەی موچەی شەهیدانەی بۆ ببڕدرێتەوە، دەبێت داواكاری پیشكەش بكات".

فواد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەت بەخەندان-ی راگەیاند، "وەزارەتی شەهیدان یاسایەكی هەیە بەناوی یاسای ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان، هەركەسێك داوابكات شەهیدەكەی بە شەهید تۆماربكریت دەبێت داواكاری پیشكەشبكات و دواتر دیراسەی داواكە دەكرێت بۆ ئەوەی موچەی شەهیدی بۆ ببڕدرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "لە خۆپیشاندانەكانی  ساڵانی رابردوودا بە بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چەند شەهیدێك تۆماركران وەك شەهیدی سەنگەر".

ئەو لێدوانەی فواد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم لەكاتێكدایە لە خۆپیشاندانەكانی 18ی مانگ و رۆژانی دوایی مانگی 12ی ساڵی 2017 دا "بە گولەی هێزە ئەمنییەكان" سێ كەس شەهیدبوون و زیاتر لە 130 كەسی دیكەش برینداربوون.

لەبارەی پێدانی زەوی بە كەسوكاری شەهیدان، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم وتی، "نزیكەی 12 هەزار رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانمان هەیە بۆ پێدانی زەوی بە كەسوكاری شەهیدان، ئەوەی كە ماوە چاوەڕوانی وەزارەتی شارەوانی دەكەین بۆ ئەوەی زەوییەكان دابینبكات".

نیشانەکردن :

#خۆپیشاندان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP