بنەماڵەی شەهید هێرش سکاڵا لەسەر مەڵبەندی یەکێتی لە کۆیە تۆماردەکەن

- 12/31/2017 4:18:00 PM 10607 جار خوێندراوەتەوە
شەهید هێرش

خەندان-خۆزگە عزیز

بنەماڵەی شەهید مامۆستا هێرش ڕایدەگەیەنن  لە ئێستادا خەریکی کۆکردنەوەی  بەڵگەنامەکانن، لەو شوێنەی کە گوللـەکەی بەرکەوتووە، و دەڵێن "بە تەنیا تۆمارکردنی سکاڵا لە هەرێمی کوردستان هیچ سودی نییە"، بەڵكو لە دادگای فیدڕاڵی عێراقی-ش سكاڵا تۆماردەكەن. 

هێرش عومەر، تەمەن 29 ساڵ، لەخۆپیشاندانەکانی ناوەڕاستی ئەم مانگە لەشاری کۆیە لەبەردەم مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەختی برینداربوو، دوای نۆ ڕۆژ لەمانەوەی لە نەخۆشخانە لەهەولێر، گیانی لەدەست دا و لەشارەکەی خۆی لەگۆڕستانی شەهیدان بەخاک سپێردرا.

هێمن عومەر، برای مامۆستا هێرش، ئەمڕۆ تایبەت بە خەندان-ی ڕاگەیاند " دوای کۆکردنەوەی ئەو بەڵگەنامە سکاڵا لەسەرجەم ئەو پۆلیس و پاسەوانە تۆمار دەکەین کە لە مەڵبەندی یەکێتی بوون لەکۆیە لەو ڕۆژەدا." 

وتیشی " سەرەتا لە کۆیە سکاڵا تۆمار دەکەین و دواتر دەچینە  دادگای فیدڕاڵی عێراقی و سکاڵاش تۆمار دەکەین، ئێمە دەمانەوێت بەشێوەی یاسا مافی خۆمان وەربگرین ئەگەر نا ڕێگەی تریش هەیە.  

 ڕونیشیكردەوە "بەڵگەکانیش وەردەگێڕینە سە زماناکانی عەرەبی و ئینگلیزی و  بۆ کونسوڵخانەی وڵاتانی دەنێرین."

 باسی لەوەشکرد، بۆیە سکاڵاش تۆمار دەکەن،چونکە  براكەی (شەهید هێرش) لەو شوێنەدا تەنها مۆبایلێکی پێبووە وێنەی گرتووە، نەک ئەوەی کە نیازی هەبێت ئاژاوە بنێتەوە، و خەڵک هان بدات بۆ توندوتیژی و بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندەران.
مامۆستا هێرش دەرچووی کۆلێژی زمان بەشی عەرەبی زانکۆی کۆیەیە، و چوار ساڵە ئەو بەشەی تەواو کردووە و ماوەی دوو ساڵە بەشێوەی گرێبەست لەخوێندنگایەک دامەزرابوو، هاوکات رۆژانە لەدوکانێکی ئامێری کارەباییدا لەگەڵ هاوڕێیەکیدا کاری کردووە.

لەکاتی برینداربوونیدا فیشەکەکە بەر بڕبڕەی شەش و حەوتی ملی کەوتبوو، پزیشکەکان لەو ماوەیەدا کە لەنەخۆشخانە بوو ڕایانگەیاندبوو تووشی شەلەل بووە ناتوانین هیچی بۆ بکەن، ئەگەر گوللـەکەش دەربهێنن سوودی نییە.

سۆران ئەبوبەکر ئامۆزای شەهید هێرش رۆژی 29ی ئەم مانگە بە خەندان-ی ڕاگەیاند کە دوای ئەوەی پزیشکەکانی هەولێر وتویانە ناتوانن هیچی بۆ بکەن، ئەوان بڕیاریانداوە بیبەن بۆ شاری پزیشکی فاروق لەسلێمانی بۆ ئەوەی نەشتەرگەریی دەرهێنانی ئەو گوللـەیەی چەکی M4ی بۆ بکەن کە لەنێوان بڕبڕەی شەش و حەوتی ملیدا جێگیربووبوو.

 "دوای ئەوەی ئامادەمان کرد بۆ گواستنەوە، فریا نەکەوتین بیگوازینەوە بۆ سلێمانی و بۆ ئێوارەکەی کۆچی دوایی کرد". سۆران ئەبوبەکر وای ووت. 


نیشانەکردن :

#خۆپیشاندان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP