هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

"هەفتەی داهاتوو لیژنەکە دەچنە بەغدا"
لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەولێرو بەغدا بۆ وردبینی موچەخۆرانی هەرێم پێکهێنرا

- 12/30/2017 11:26:00 AM 11247 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- پەرچەم قەرەداغی 

لیژنەیەکی هاوبەشی حەوت کەسیی لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنرا بۆ وردبینی موچەخۆرانی دوو وەزارەتی حکومەتی هەرێم، ئەندامێکی لیژنەکەش رایدەگەیەنێت هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا دەکەن.

بە فەرمانێكی دیوانی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق  لیژنەیەکی حەوت کەسی پێکهێنرا بۆ وردبینیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی تەندورستی و پەروەردەی حکومەتی هەرێمی  کوردستان.

لیژنەکە پێنج ئەندامی لە حکومەتی ناوەندییە و دوو ئەندامیشی لەحکومەتی هەرێمە. 

ڤیان محەمەد حسێن بەڕێوبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم کە یەکێکە لە ئەندامەکانی لیژنەکە بە خەندانی راگەیاند، "دوای ئەوەی هەماهەنگی كرا لەنیوان تەندروستی هەرێم و بەغدا، دواتر ئاگاداركراینەوە لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كە هەركاتێك بەغدا داوایكرد ئێمە ئامادەبین، بۆ ئەوەی وردبینی لە لیستی موچەخۆرانی وەزارەتی تەندروستی بكرێت."

وتیشی، "كارەكان و وردبینی وەزارەتی تەندروستی  لە دوو رۆژی داهاتوو تەواو دەبێت و لە دوای سەری ساڵ واتە هەفتەی داهاتوو، لیژنە حەوت كەسیەكە دەچێتە بەغدا."

ئەندامانی لیژنەکە بەم شێوەیەیە: قاسم عینایەت فەر،  بریكاری وەزارەتی پلاندان وەك سەرۆكی لیژنە. تارق عەلی جاسم ئەلعانی ئەندامی دەستەی راوێژكاران. نایف سامر حسێن بەڕێوەبەری گشتی پلاندان لە وەزارەتی پەروەردەی عیراق. هەنا ئەحمەد غازی زهێری بەڕێوەبەری گشتی كاروباری دارایی لە وەزارەتی پەروەردەی عیراق. عەلی حسێن حەسەن تەمیمی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پلاندانان و پشكنین لەوەزارەتی تەندروستی عیراق. ڤیان حسێن جاف بەڕێوەبەری گشتی پلاندان لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان. یوسف عوسمان یوسف بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان.
  
 

نیشانەکردن :

#ھەولێر و بەغدا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP